ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

رووسیا تاڵیبان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لاده‌بات

رووسیا  ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ” بڕیارێکی بنەڕەتی ” دراوە بۆ لابردنی تاڵیبانی ئەفغانستان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی مۆسکۆدا.

دەزگای هەواڵی تاسی رووسیا  لە زاری نوێنەری سەرۆکایەتی رووسیا  بۆ ئەفغانستان زەمیر کابولۆڤەوە بڵاویکردەوە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا  و دەزگا ئاسایشییە نیشتیمانییەکان ” لە دوایین ڕێکارە یاساییەکاندان ” لەسەر لابردنی تاڵیبان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا، بەشێوەیەک کە لەگەڵ یاسای فیدڕاڵدا بگونجێت.

کابولۆڤ وتی ” بڕیارێکی بنەڕەتی لەم بارەیەوە لەلایەن سەرکردایەتی رووسیا وە دراوە. بە هیوای ئەوەی بەمزووانە بڕیاری کۆتایی بدرێت.”

لێدوانەکە لە هەمان ڕۆژدا بوو کە مۆسکۆ میوانداری وڵاتانی ناوچەکەی کرد بۆ تاوتوێکردنی ئەفغانستان، وەزیری دەرەوەی رووسیا  سێرگێی لاڤرۆڤیش سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی کرد.

لاڤرۆڤ دواتر بە جیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقیدا کۆبووەوە، موتەقی سەرکردایەتی شاندەکەی تاڵیبانی کرد لە بۆنەکەی ڕۆژی هەینیدا لە مۆسکۆ.

لاڤرۆڤ لە وتاری دەستپێکدا بە شاندەکانی وڵاتانی وەکو چین و هیندستان و ئێران و کازاخستان و کریجستان و پاکستان و ئۆزبەکستانی وت ” باوەڕمان بە گرنگی پاراستنی گفتوگۆ هەیە لەگەڵ حکومەتەکەی ئێستای ئەفغانستاندا.”

لاڤرۆڤ وتیشی ” مۆسکۆ بەردەوام دەبێت لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و بازرگانی و ئابوورییەکاندا لەگەڵ کابوڵ.”

لە دوای ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست، مۆسکۆ پەیوەندییەکی نزیکی نافەڕمی لەگەڵ تاڵیباندا دروست کردووە.

سەرۆکی رووسیا  ڤلادیمیر پوتن لە مانگی حەوتدا وتی رووسیا  تاڵیبان بە هاوپەیمانێکی دەزانێت لە شەڕی دژ بە تیرۆردا. لە ساڵی 2003 ەوە تاڵیبان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی رووسیا دایە.

لاڤرۆڤ ستایشی تاڵیبانی کرد لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان و شەڕکردن لەگەڵ رێکخراوی داعشی خۆراساندا.

لاڤرۆڤ وتی ” پشتیوانی لە سووربوونی بەرپرسانی ئەفغانی دەکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆردا.”

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیران و ڕووسیا لەسەر مامەڵەکردن به تومەن و ڕوبل ڕێک‌کەوتن

یاسین

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

یاسین

ماڵپەڕی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات

hakar herki