ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی UN سەردانی دوو کارخانەی ئەتۆمی ئێرانی كرد

 

پێش هەوڵە دیبلۆماتییە پێشبینیکراوەکەی ئەوروپا لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران پێش گەڕانەوەی دانۆڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینی لە ماوەی سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای وزە ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران سەردانی دوو کارخانەی ئەتۆمی کرد.

لە ماوەی سەردانەکەدا وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی وت کە تاران دەیەوێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکات لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەڵام ملکەچی فشارەکان نابێت.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی گرۆسی سەردانی کارخانەی ئەتۆمی ناتانز و کارخانەی ئەتۆمی فۆردۆوی کردووە، کە لە ناو چیایەکدایە و 100 کم لە باشووری تارانەوە دوورە.

یەکێک لە کیشە درێژخایەنەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزەکانی جیهاندا ئەوەیە کە ئێران ڕێگە نادات شارەزایانی تیمی پشکنینی دەزگاکە بچنە ئێرانەوە و پشکنین بۆ کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە کە ئێران چەندین ساڵە ڕوونکردنەوەی نەداوە لەسەر شوێنەواری ئەو یۆرانیۆمیە پیتێندراوەی کە لە یەکێک لە کارخانە ئەتۆمییەکانیدا دۆزراوەتەوە، ئەو کارخانەیە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە ڕانەگەیەندرابوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی دوای گفتوگۆکانی لە تاران لەگەڵ گرۆسیدا وتی ” تۆپەکە لە گۆڕەپانی یەکێتی ئەوروپا و سێ وڵاتەکەی ئەوروپادایە.” سێ وڵاتەکەش بریتین لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا کە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەکەن لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا لەگەڵ ئێران.

وتی ” ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتیمانیمان و مافەکانمان، بەڵام ئامادەی گفتوگۆ نین لە ژێت فشار و ترساندندا.”

لە ساڵی 2019 ەوە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیاتر کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. مەبەست لە ڕێککەوتنەکە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەر لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەری.

گفتوگۆکانیش بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە چەقییان بەستووە و شکستییان هێناوە.

ترامپ بە تەواوەتی باسی لەوە نەکردووە کە ئایا لە ماوەی خولی دواتری سەرۆکایەتیەکەیدا بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی ” زۆرترین فشار ” بۆ سەر ئێران یان نا.

تاران ئێستا یۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەدا 60 ی بێگەردی دەپیتێنێت، ئەوەش نزیکە لە سەدا 90 ەوە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی. دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەڵێت ئێستا ئێران ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێندراو هەیە کە بتوانێت چوار بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، ئەگەر ئەو یۆرانیۆمە زیاتر بپیتێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە

یاسین

بەربژێرەکێ پارتی : خزمەتكرنا كوردستانێ و پارێزگەها دهۆکێ دێ ئەركێ مەیێ سەرەكی بیت

یاسین

دەست بە قیڕتاوکردنی دووسایدی گەزنە کرا

یاسین