ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: كۆڵ ناده‌ین، ئیراده‌ی جددیمان هه‌یه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 16/11/2024، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی چواره‌می پێگه‌یاندنی ئه‌فسه‌راندا له‌ كۆلێژی سه‌ربازیی قه‌ڵاچوالاندا كرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ به‌رێزان شێخ جه‌عفەر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی و خێزان و كه‌سوكاری ده‌رچووان ئامادەی بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

دەرچووانی خۆشەویست،

دایكوباوك و كه‌سوكاری ئازیزی ده‌رچووان،

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز

ڕۆژتان باش

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى چواره‌مى پێگه‌ياندنى ئه‌فسه‌ران له‌ كۆلێژى سه‌ربازيى قه‌ڵاچوالان

به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی شاناز خان، خاتوونی یه‌كه‌می عێراق ده‌كه‌م كه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شداره‌، زۆر به‌خێر بێت.

جێى شانازى و خۆشحاڵييه‌كى زۆرى هه‌موومانه،‌ لە سايه‌ى ئەم دامەزراوە سەربازییە پێشكه‌وتووه‌دا، بەشداری له‌ ئاهەنگی دەرچوونی پۆلێکی نوێی پارێزەرانی نیشتمان و به‌شێكى گرنگ و سه‌ره‌كى له‌ دروستکەرانی داهاتووی گەشی کوردستان و عیراق، ده‌كه‌ين. ئەمڕۆ ڕۆژێکی تايبه‌ته‌ بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق، کە بەرهەمی ماندووبوون و ڕه‌نجى گەورەی دەرچووان و مامۆستایانی بەڕێزیان، دەبینین

زۆر خۆشحاڵم كه‌ ده‌بينم (769) گه‌نجى وڵاته‌كه‌مان، به‌ گوڕوتينێكى نوێوه‌، چه‌كدار به‌ زانست و ديسپلينى سه‌ربازى، له‌م كۆلێژه‌ به‌ توانايه‌ ده‌رده‌چن. ئه‌وه‌ى زياتر بۆ هه‌موومان مايه‌ى خۆشحاڵى و شانازييه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ (48) ده‌رچووان له‌وانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌رچوون، خانمن. ئه‌وان، ئێستا، دواى نۆ مانگ خوێندن و ڕاهێنان ده‌رده‌چن و پله‌ى مولازم وه‌رده‌گرن. خوێنێكى نوێ به‌ به‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستاندا ده‌كه‌ن. دڵنياين، ئێستا كه‌ خه‌ڵكى كوردستان ئه‌م ديمه‌نانه‌ ده‌بينن، به‌ شانازييه‌وه‌، هه‌ست به‌ سه‌ربه‌رزى ده‌كه‌ن

له‌ دڵه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی پێشکەش بە دەرچووانی ئازیز و خێزانه‌كانيان دەکەم کە لە ته‌واوی ڕێگای خوێندن و ڕاهێنانیاندا، پاڵپشت و هاندەریان بوون. هەروەها، سوپاس و پێزانینی تایبەت و بێپایانی خۆم پێشکەش بە مامۆستايانى دڵسۆز و ماندوونەناس و به‌رپرسانى کۆلێژی سەربازی دەکەم، بۆ هەوڵى بەردەوام و بێوچانیان لە ئامادەکردن و پێگەیاندنی ئەم نەوە ئومێدبه‌خشه‌ و دڵسۆزه‌ بۆ كوردستان و عێراق

دەرچووانی خۆشەویست و ئازیز،

خواست و بژارده‌ى ئێوە بۆ په‌يوه‌نديكردن بە کۆلێژی سەربازييه‌وه‌، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، نیشانەی دڵسۆزى و پێگەیشتنی فیکری و هەستی قووڵى نیشتمانى و بەرپرسیارێتيی بەرزى ئێوه‌يه‌. ئێوە ڕێگای ئاسانتان هەڵنەبژاردووە، بەڵکو ڕێگایه‌كی سه‌ختى شکۆ و سەربەرزیتان هەڵبژاردووە كه‌ ڕێگای خزمەتكردنی نیشتمان و پاراستنی دەستکەوت و بەها باڵاكانى گەلەکەمانه‌

خوێندن و پێشینەی ئەکادیمی و پسپۆڕیی زانستیتان، سەرمایەیەکی زۆر گەورەیە له‌ ژیانتاندا. بێگومان، هێزە چەکدارەکانمان دەوڵەمەند دەکات. توانا و لێهاتوویيیان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەردەم و داهاتوو، بەهێزتر و بەرزتر دەکاتەوە. ئەمە سەرەتای وەرچەرخانێکی گرنگ و پێويستە، لە مێژووی پێشمه‌رگايه‌تى و هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستاندا

بە تایبەتی و بە شانازییەکی زۆرەوە، بەشداريی كچان و ژنانی کوردستانی لە ڕیزەکانی پێشمه‌رگه‌ و هێزە چەکدارەکانمان، له‌م ڕۆژه‌دا بەرز دەنرخێنم. ئافره‌تانى کوردستان، بە درێژایيی مێژووی خەباتی گەلەکەمان، سەلماندوویانه‌ کە هاوبەشی سەرەکی و کاریگەرن لە بنیاتنانی نیشتمان و بەرگریکردن لە خاک و وڵات

له‌مپێناوه‌دا، قوربانيى زۆريان داوه‌ كه‌ مايه‌ى ڕێز و شانازين. بوونى ژن لە دامەزراوەی سەربازى و ئه‌منیدا، تەنها نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەمان نییە، بەڵکو بەڵگەی باوەڕی قووڵی ئێمەیە بە یەکسانی و دادپەروەری و هاوبەشيی ڕاستەقینە، لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتيی نیشتمانی و ئه‌ركه‌ گرنگەکاندا

مێژووی پێشمەرگە، تۆمارێکی زێڕین و پڕ شانازییە لە قارەمانێتی، فیداکاری و قوربانیدان له‌پێناو كوردستان. لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، پێشمه‌رگه‌، ئەم هێزە شكۆداره‌، بەردەوام قەڵغانێکی پۆڵایین و پتەو بووە، بۆ پاراستنی كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانی. بە درێژایيی دەیان ساڵی ڕابردوو، شەڕی بەرگریکردن لە ئازادی، مافە ڕەواکان و شكۆى گەلى كوردستانيان کردووە. کاروانێکی درێژی شەهیدانی سەربەرز و قارەمانیان پێشکەش به‌ كوردستان کردووە. ئەمڕۆش بە هەمان گیانی نیشتمانپەروەری و فیداکارییەوە، لە پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسی و دەستوورییەکانی گەلەکەمان، بەردەوامن و كۆڵ ناده‌ن

له‌م ڕۆژه‌دا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ داده‌نوێنین كه‌ له‌پێناو به‌رگریكرن له‌ كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانیدا، خوێنی خۆیان به‌خشی، هه‌میشه‌ یادیان به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌رچووانى ئازيز،

کچان و کوڕانی خۆشه‌ويست،

دەرچوونی ئەمڕۆتان کۆتایيی ڕێگا نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێ و گرنگى ژیانتانه‌. سەرەتای ڕێگایەکی پڕ لە بەخشین، له‌ قوربانی و خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان‌. ئەو زانست و زانیاری و ئەزموونانەی کە لەم کۆلێژە ڕه‌سه‌نه‌دا بەدەستتان هێناوە، چەک و ئامرازێکی بەهێزن، بۆ خزمەتکردنی نیشتمان و گەلەکەتان. بەشدارى و په‌يوه‌نديكردنتان بە دامەزراوەی سەربازیيه‌وه‌، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نیشتمانيی گەورە، دەخاتە سەر شانتان بۆ پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیريی وڵاته‌كه‌مان

هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا یادی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌رز ده‌نرخێنین كه‌ له‌ ساڵی 1992ه‌وه‌ بیری له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ تا ئه‌م كۆلێژه‌ سه‌ربازییه‌ دابمه‌زرێت له‌پێناو خزمه‌تكردنی كوردستان، له‌پێناو خزمه‌تكردنی وڵاتدا.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕێکی قووڵ و پتەومان هەیە کە پێشمه‌رگه‌ و هێزە چەکدارەکانمان، دەبێت و پێویسته‌ دامەزراوەیەکی نیشتمانی و پیشەیيی سەربەخۆ بن. دوور بن لە هەموو جۆرە ناكۆكى و ململانێی سیاسی و حزبی. ئەم هێزانە، ده‌بێ سەر بە نیشتمان و سه‌ر به‌ گەلی کوردستان بن، بە هەموو پێکهاتە جیاوازه‌كانی كوردستانه‌وه‌.

هەروەها پێشمه‌رگه‌ بەشێکی گرنگ و سەرەکین لە سیستەمی بەرگريی عێراقی. بۆيه‌ ئه‌ركى عێراقه‌، له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ پشتگيری بكات بۆ به‌هێزكردنی پێشمه‌رگه‌. ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام و جددی، کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی توانا و پەرەپێدانی کارامەیی و لێهاتوویيی پێشمه‌رگه‌، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە، ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری و هەڕەشەیەک ببنەوە و وه‌ك هه‌ميشه‌ قه‌ڵغانى پۆڵايينى پاراستنى كوردستان بن

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان و هێزەکانمان لە شەڕی دژەتیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستيی داعشدا، بە کردەوە و به‌ خوێنی خۆیان سەلماندیان کە لە ئاستی بەرپرسیارێتيی مێژوویی و نیشتمانیدان. خوێنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی كوردستاندا تێكه‌ڵ بوو، یه‌ك كه‌س پرسیاری نه‌ده‌كرد كامه‌ سه‌وزه، كامه‌ زه‌رده‌، هه‌موویان له‌پێناو خزمه‌تكردن به‌ وڵات و له‌پێناو خزمه‌تكردن به‌ كوردستاندا خوێنیان به‌خشی، فیداكارییان كرد و خه‌باتیان كرد. نموونەیەکی باش و بێوێنەیان پێشکەش کرد، لە قاره‌مانێتى، پیشەگەری، ئازایەتی، گیانی قوربانیدان و فیداکاری بۆ وڵات. له‌م قۆناغه‌شدا كه‌ هێشتا تيرۆر و توندڕه‌وى، هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قينه‌ن، جه‌خت له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان ده‌كه‌ينه‌وه‌

هه‌روه‌ها پێویستە له‌م ڕۆژه‌دا سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان دووپات بكه‌ينه‌وه‌ بۆ هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيی دژى داعش، بۆ پشتگیری و هاوکاريی بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. پێزانینی تایبەتمان هەیە بۆ يارمه‌تيدان و پشتگیریيان لە هەوڵەکانی چاکسازی و یەکخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ هێزێكی نیشتمانی و پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بن به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌.

ڕاسته‌ له‌م قۆناغه‌ و له‌م ڕێگه‌یه‌دا كێشه‌ و گرفت له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا هه‌ن، به‌ڵام وێڕاى هه‌موو شتێك، هه‌نگاوه‌كان ڕاسته‌ هێواشن، به‌ڵام به‌ره‌وپێشچوونێكی باش هه‌یه‌‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌، گه‌لى كوردستان و دۆستانمان له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ئيراده‌ و خواستى جدييمان هه‌يه‌ و تا سه‌ركه‌وتن و يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌، كۆڵ ناده‌ين و به‌رده‌وام ده‌بين

خوشک و برایانی بەڕێز،

كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیريی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى دەکه‌ن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر پێویستيی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ و کێشە هەرێمییەکان دەکەینەوە. عێراق پێویستی بە ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوامە، نەک تەنگژە و ناکۆکی و ململانێى زياتر

دواى مێژوويه‌كى پڕ له‌ ئازار، پڕ له‌ مه‌ينه‌تى و وێرانكارى، به‌ ده‌ستى جه‌نگ و شه‌ڕه‌ يه‌ك له‌دواى يه‌كه‌كانه‌وه‌، عێراق ئێستا پێويستی به‌ ئارامى و سه‌قامگيرى هه‌يه‌. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت خێروبێر و ده‌وڵه‌مه‌نديى وڵاته‌كه‌يان، بۆ بنياتنانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان و پێشخستنى هه‌موو كه‌رته‌كانى ژيان، به‌كار بهێنێت‌. خه‌ڵكى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ هه‌موو ناوچه‌كانيانه‌وه‌، شايانى ژيان و خزمه‌تگوزاريى زياترن، نه‌ك تێوه‌گلان له‌ ئاڵۆزى و ئاشووبه‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن.

لێره‌وه‌، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ فاكته‌رى ئارامى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌ستى هاريكارى بۆ هه‌موو لايه‌ك درێژ ده‌كات، له‌پێناو پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتييانه‌ى هه‌مووان

ئەزموونی دەیان ساڵەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، فێری کردووین کە دیالۆگ، لێکگەیشتن و دانوستانی بەردەوام، تەنها ڕێگەی گونجاو و دروستن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان. ئێمە باوەڕمان وایە کە پته‌وكردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، گەرەنتيی ڕاستەقینەن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ کە ڕێز لە فرەیی و جیاوازییەکان بگرێت و ماف و ئازادییەکانی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت

به‌ڕێزان،

به‌ ڕه‌چاوكردنى قۆناغی سیاسيی هەستیاری دوای هەڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو بوو، نزیكه‌ی حه‌فتا و دوو له‌ سه‌دی گه‌لی كوردستان به‌شدارییان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كرد كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك سه‌ركه‌وتنی كوردستان بوو، داوا لە هەموو هێزە سیاسییە براوەکان دەکەم کە بەرژەوەنديی باڵای نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێكه‌وه‌ دابنێن. گفتوگۆيه‌كى جددی، بەرپرسیارانە و بنیاتنەر دەست پێبکەن، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کارا. حكوومه‌تێك کە وه‌ڵامگۆى چاوه‌ڕوانييه‌كانى خه‌ڵك بێت. بتوانێت سەرکەوتووانه‌ ڕووبەڕووی مه‌ترسى و ئاڵنگارییەكانى ئێستا و داهاتوو ببێتەوە

هەروەها جەخت لەسەر پێويستى و گرنگيی چارەسەرکردنی کێشه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنه‌ سياسييه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا دەکەمه‌وه‌. عێراقێك كه‌ بتوانێت به‌رگه‌ى مه‌ترسييه‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌كه‌ بگرێت، پێويسته‌ بێ جياوازى، عێراقى هه‌موو پێكهاته‌كان‌ بێت. عێراقیێك كه‌ بتوانێت له‌ڕووی كرده‌یییه‌وه‌ بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، هه‌مووان هه‌ست بكه‌ن له‌ بڕياردان و به‌ڕێوه‌بردنى سياسى و كارگێڕيى وڵاتدا، هه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌م له‌ عێراقیشدا وه‌ك يه‌ك، به‌شدار و هاوبه‌شن و خۆيان به‌ خاوه‌نى عێراق بزانن

جارێکی تر له‌ دڵمه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ دەرچووان و خێزان و كه‌سوكارى بەڕێزیان دەکەم. سوپاس و پێزانینی تایبەت، بۆ فه‌رمانده‌ و به‌رپرسانى کۆلێژی سەربازيی قه‌ڵاچوالان و هەموو یه‌ك به‌ یه‌ك مامۆستایان و ڕاهێنەران، بۆ هەوڵى دڵسۆزانەیان و ماندووبوونی بەردەوامیان، لە ئامادەکردنی ئەم نەوە نیشتمانپەروەرە كه‌ ئومێدی كوردستان و داهاتووی وڵاته‌كه‌مانن.

هيوادارم هه‌موو لايه‌كتان سەرکەوتوو بن لە خزمەتکردنی نیشتمان و گەلەکەمان. له‌ پاراستنى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى، له‌ بره‌ودان به‌ كولتوورى جوانى يه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى له‌ كوردستانی عێراقدا كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ ڕێگه‌مانه‌ بۆ داهاتوو‌. خواى مه‌زن وڵاته‌كه‌مان بپارێزێت

سڵاو و دروود له‌ گيانى پاكى شه‌هيدان

سڵاو له‌ ئێوه‌ و هيواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوام،

هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاس..

 

هەواڵی پەیوەندیدار

پڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقامی ئالتوون ستی و هیران ستی،دوو، كۆتایی هات

یاسین

سه‌رۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دەکات

سەڵاح

قۆناغی دووەمی هێلکاریکردنی شەقامی هەولێر – کرکوک كۆتایی هات

سەڵاح