وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڵاوی كرووەتەوە؛ كە دوای چارەسەرکردنی پرسی دزەکردنی پرسیارەکانی (AP) سیستمی ئەمریکی لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجامى وەرگرتنى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2024- 2025 ڕادەگەیەنێت.
لە راگەیانراوێكی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا هاتووە، كە دوابەدوای بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی دزەکردنی پرسیارەکانی (AP) سیستمی ئەمریکی لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، کە بە نووسراویان ژمارە (5509) لە (2024/11/18) بەدەستیان گەیشتووە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەرەڕاى هەبوونى پشووى فەرمى، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (2024/11/20)، ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2024- 2025) لە زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند.
ڕاگەیانراوەكەی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی سەرنجی دەرچوانی بۆ ئەوە راكێشاوە، كە بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان، دەرچوانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان بە یوزەرنەیم و پاسۆردەکانیان، دەتوانن لە ڕێگەى وێبسایتى (regayzanko.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆکانى کوردستان وەربگرنەوە.