ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بە ئامادەبوونى نوێنەری سەرۆکی حکوومەت، تەرمى هونەرمەند “زاهیر عەبدوڵڵا” بەخاكسپێردرا

ئەمرۆ یەکشەممە، 2024.11.24، بە ئامادەبوونى د.پشتیوان سادق و ئومێد خۆشناو، نوێنەرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و هاوڕێیان و دۆست و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە گۆڕستانى کەسنەزان لە شارى هەولێر، تەرمى هونەرمەند  و ئەکتەرى ناسراو و دیارى شارى هەولێر و کوردستانى بواری سینەما و دراما و شانۆى کوردى “زاهیر عەبدوڵڵا” بەخاکسپێردرا.

دواى ئەوەى ئەمساڵ زانرا دووچارى نەخۆشى شێرپەنجەبووە، پارێزگاری هەولێر، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی هونەرمەندی کردوو و لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە 2024.6.27 ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا، بەڵام لەم ماوەیەدا دووبارە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە دۆخی تەندروسیی ناوبراو تێکچووە و کەوتە دۆخێکی خراپی تەندروستی و دوێنێش شەممە 2024.11.23، بەداخەوە بەهۆی سەختى نەخۆشییەکەیەوە، لە تەمەنی 66 ساڵیدا ماڵئاوایی یەکجاریی لە هەولێر و هونەر و ئازیزانی كرد.

جێگەى باسە، زاهیرعەبدوڵڵا، ناوێكی دیاری هونەری و هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و خزمەتێکی زۆری هونەری شانۆ و سینەمای کوردی کردووە و کەسایەتییەکی هونەریی دیاری شاری هەولێر و کوردستان بوو، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایک بووە و لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی “ئەنجامی پووڵپەرستی.” دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە،  ساڵی 2019 کتێبێکی بیرەوەریی بڵاوکردەوە بەناوی “تەیراوە هەربە پیاسە” کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و لەم کتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجومەنی ئاسایشی له‌سه‌ر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆده‌بێتەوە

سەڵاح

ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە

سەڵاح

گرژی لە سەرسنووری سووریا و لوبنان

سەڵاح