لە ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەنديمان به پاراستنی مافەکانی ژنان لە کوردستان نوێ دەکەینەوە، ههروهها دڵنيايان دهكهينهوه كه بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری بهرانبهر ئافرەتان. تواناسازى و بەهێزکردنی پێگەی ژن، بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووترە.
هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پشتگیریکردنی مافەکانی ئافرەت و دابینکردنی دەرفەت بۆ بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا. ئێمە باوەڕمان وایە کە ژن نەک تەنها هاوبەشێکی سەرەکييه لە بڕیاردان، بەڵکو بنەمایەکە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوام.
لەم ڕۆژەدا، داواى هاوکاريی زیاتر دەکەین لەنێوان دامەزراوە حکوومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکاندا، بۆ بڵاوکردنەوەی زياترى هۆشیاری و بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی و یەکسانی. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و ئارام بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.
ههر لهم بۆنهيهدا بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان دهدهين کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و بههێزكردنى تواناكانيان بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی گرنگیان لە خزمهتكردن و بنیاتنانی وڵاتدا.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
25ى نۆڤبهرى 2024