ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

شاندێكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مانگەكانی 10، 11 و 12 گەیشتە بەغدا

بە سەرپەرشتیی وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شاندێكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە گەیشتە بەغدا.

بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 15/12/2024، شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مانگەكانی 10، 11 و 12، گەیشتە بەغدا.

شاندەكەی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی چارەسەركردنی كێشەی مووچەی هەرسێ مانگی 10، 11 و 12ـی مووچەخۆران، هەروەها هەمواری بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی 2025ـی فیدراڵ، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق كۆ دەبێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، تا ئێستا بەغدا مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی جیاواز نەناردووە و هەرجارێك بۆ دواخستنی مووچە، بیانوویەك دەهێنێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە 11/11/2024، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كۆ بووەوە و لەبارەی پرسی مووچە، جەخت لەوە كرایەوە: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت کە بەداخەوە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ـداین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی 10 و 11ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەر کردووە و لیستی مووچەی هەرسێ مانگەکەی بە تەواوی و بەبێ کەموکوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی دۆلار بەرزبووە

یاسین

پرێمەرلیگ.. برایتۆن بە ڕیمۆنتادا شکستی بە توتنهام هێنا

یاسین

هەنگاوەکانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشەکانى زانکۆکان دەستپێکرد

یاسین