ئەمڕۆ و سەرەتای هەفتەی داهاتوو وێڕای پشوو، چەند بانکێک بۆ دابەشکردنی پارەی جووتیاران و مووچەخۆران و فەرمانبەران کراوە دەبن.
بانکی بەحرکە بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/12/2024، بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر و کۆیه، بانک دەوامی دەبێت.”
بانکەکە ئەوەشى خستووەتە ڕوو: “فەرمانبەران و مووچەخۆران ئاگادار دەکەینەوە بۆ مووچە سەردانمان نەکەن، چونکە تەنیا پارەی گەنم دابەش دەکەین.”
لەمبارەیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنی فەرمی، بڕیار درا ئەمڕۆ وێڕای پشوو، بانک دەوام دەکات و پارەی جووتیاران دابەش دەکرێت و چەکەکانیش لە سایلۆ دابەش دەکرێن.”
لە لایەكی دیکەوە، هەردوو بانکی چەمچەماڵ و چەرموو لە چەمچەماڵ، بڵاویان کردەوە: “سەرجەم هاووڵاتییان و چینوتوێژەکان ئاگادار دەکەینەوە، هەرکەسێک مووچەی وەرنەگرتووە، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە 28و29ی12ی 2024، سەردانی بانکەکانمان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان.”
قایمقامیەتی چەمچەماڵ، رایگەیاند: “بەشێك لە پێشمەرگەی لیواكان و ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان مووچەیان وەرنەگرتووە و رەزامەندیی وەرگیراوە و رۆژی شەممە و یەكشەممەی داهاتوو لە بانكەكانی چەرموو و چەمچەماڵ مووچەكانیان پێ دەدرێت.”
بەپێی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 25ی12ی2024وە پشووی سەری ساڵه و ڕۆژی 5ی1ی2025 دەوامی فەرمی دەست پێدەکاتەوە.