zagros news agency

كاری نۆژەنكردنەوەی 105 دووكانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر كۆتایی هات

 

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، كاری نۆژەنكردنەوەی 105 دووكانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر كۆتایی هات و نۆژەنكردنەوەی دووكانەكانی دیكە و بازاڕەكەش بە گشتی، لە قۆناغی كۆتاییدایە.

ئەمڕۆ دووشەممە 6/1/2025، پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “دواى ئەوەى شەوی 5/5/2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، بەهۆیەوە 227 دووکان و حەوت کۆگا سووتان، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بە گوژمەی 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەكە کرا.”

ئەويش خراوەتە ڕوو، ئێستا 105 دووکان لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کارى نۆژەنکردنەوەیان كۆتایی هاتووە و خاوەنەکانیان دەگەڕێنەوە ناو دووکانەکانیان، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەى دووکانەکانى دیكە و بازاڕەکەش لە قۆناغی کۆتاییدایە، لە نزیکترین کاتدا بازاڕەکە بە تەواوەتى بە ڕووی خەڵكیدا دەکرێتەوە، دووکاندار و کاسبکارانیش دەست بە کار و كاسبیی خۆیان دەکەنەوە.

شەوی 5/5/2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: “لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە.”

هەروەها ڕوونی کردەوە: “جگە لە زیانی دارایی ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە دۆخی تەندروستییان تێک چوو.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازی له‌ بانگه‌وازى به‌ڕێز ئۆجالان ده‌كات

سەڵاح

راگەیندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

یاسین

ئاگاداری بۆ دەرچووانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی

سەڵاح