ئەمڕۆ هەینی، چەند دەزگایەکی کەشوهەوا ڕایانگەیاند ساڵی 2024 لە مێژوودا گەرمترین ساڵ بووە و تێکڕای پلەی گەرمی جیهانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2024دا یەک و شانزەی پلەی سەدی گەرمتر بووە لە چاو پێش سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی، بەمەش سنوورێکی مەترسیدار تێپەڕاند کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
دەزگای کەش و هەوای کۆپەرنیکۆسی کۆمسیۆنی ئەوروپا و ئۆفیسی کەشناسی بەڕیتانیا و دەزگای کەش و هەوای ژاپۆن دەڵێن تێکڕای پلەکانی گەرما لە ساڵی 2024 دا بە ئاسانی ئاستە پێوانەییەکەی گەرمای ساڵی 2023 ی تێپەڕاند و تەنانەت پلەکانی گەرمی بەرزتر بوونەوە، بە شێوەیەک کە سنوورە درێژخایەنەکەی گەرمبوونی زەوی تێپەڕاند کە 1.5 پلەی سیلیزییە و لە کۆتایی ساڵەکانی 1800 ەکانەوە بەوشێوەیە بووە، ئەو سنوورە پەیماننامەی ساڵی 2015 ی کەش و هەوای پاریس داوای کردووە. پەیماننامەکە داوای لە وڵاتان کردووە گەرمبوونی گۆی زەوی لە خوار 2 پلەی سیلیزییەوە بهێڵنەوە و لە 1.5 پلەی سیلیزی تێپەڕ نەبێت.
تیمی ئەوروپا گەرمبوونی زەوییان بە 1.6 پلەی سیلیزی تۆمار کردووە. ژاپۆن 1.57 پلەی سیلیزی تۆمار کردووە و بەڕیتانیاش 1.53 پلەی سیلیزی تۆمار کردووە.
زانایانی ئەوروپایی وتییان تیمەکانی چاودێری ئەمەریکا، ناسا و دەزگای تایبەتی بێرکێلی ئێرث، دواتر ژمارەکانییان بڵاودەکەنەوە، بەڵام پێدەچێت ژمارەکە پێوانەیی بێت بۆ ساڵی 2024. شەش گروپەکە لە چاودێریکردنەکانەوە کە بەروارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1850 قەرەبووی ئەو بۆشاییانە دەکەنەوە کە لە داتاکاندا هەن، بە شێوازی جیاواز، لەبەرئەوەیە کە ژمارەکان زۆر بە کەمی جیاوازن لە یەکتر.
سامانثا بورگیزی بەرپرسی ستراتیژی کەش و هەوا لە کۆپەرنیکۆس وتی ” هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم پلە پێوانەییانەی گەرما کەڵەکەبوونی گازەکانی گەرمخانەکانە لە هەوادا، کە لە سوتاندنی خەڵووز و نەوت و گازەوە دروست دەبن و دەچنە هەواوە.”
وتیشی ” گازەکانی گەرمخانەکان بەردەوام دەبن لە کەڵەکەبوون لە هەوادا، پلەکانی گەرماش بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە، بە پلەکانی گەرمای دەریاکانیشەوە، ئاستی ڕووبارەکان بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە، سەهۆڵەکان و چینە بەستووەکانیش بەردەوام دەبن لە توانەوە.”
بورگیز وتی 10 ساڵی ڕابردوو گەرمتر ساڵ بوون کە تۆمار کرابێتن و ڕەنگە گەرمترین ساڵ بووبێتن لە 125,000 ساڵی ڕابردوودا.
کۆپەرنیکۆس دەڵێت ڕۆژی 10 ی مانگی حەوتی ساڵی 2024 گەرمترین ڕۆژ بووە کە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت، پلەی گەرمی گۆی زەوی بە تێکڕا گەیشتە 17.16 پلەی سیلیزی.
مارشاڵ شێپەردی پڕۆفیسۆری کەشناسی لە زانکۆی جۆرجیا وتی ” ئەمە گڵۆپی ئاگادارکردنەوەیە بۆ زەوی و پێمان دەڵێت کە دەبێت دەستبەجێ سەرنجی بدەین. زریانی هێلین، لافاوەکان لە ئیسپانیا و ئاگرکەوتنەوە کێوییەکان لە کالیفۆرنیا هەموو ئەمانە نیشانەی ئەم گۆڕانی کەش و هەوایەن، گۆڕانی دیکەشمان ماوە.”
voa