تەقینەوەیەک لە چێشتخانەیەک لە شاری مۆست لە باکووری رۆژئاوای کۆماری چیک، لانیکەم ٦ کوژراوی لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتان، لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا هەشت کەسی دیکەش برینداربوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەم رووداوە لە کاتژمێر ١١:٢٠ی شەوی شەممە ١١ی کانوونی دووهەم ڕووی داوە و دوای ئەوە، گڕی ئاگرەکە بە خێرایی بڵاوبووەوە.
بەرپرسانی نێوخۆیی لە مۆست دەڵێن بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکانی شایەتحاڵان، وەرگەڕانی سۆپا” بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەکە.
میدیای نێوخۆ بڵاویان کردەوە، لە کاتی رووداوەکەدا زیاتر لە ٢٠ کەس لەم چێشتخانەیە بوون. دوای تەقینەوەکەش بە گشتی نزیکەی ٣٠ کەس لە چێشتخانەکە و بیناکانی دەوروبەری بۆ شوێنی دیکه گوازرانەوە.
میدیاکانی کۆماری چیک نووسیویانە بەهۆی ئەم تەقینەوەیە، چێشتخانەکە بە تەواوی سووتا و بڵێسەی ئاگر هەندێک جار دەگەیشتە ٢ بۆ ٣ مەتر.
ئێستا پۆلیسی چیک لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی سەبارەت بە هۆکاری روودانی ئەم رووداوە دەست پێکردووە.