ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان ‘یونیسێف’ ڕایگەیاند، ڕۆژانە 35 منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون.
جەیمس ئیڵدر، گوتەبێژی یونیسێف، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لە جنیف ڕایگەیاند، “بەگوێرەی ئامارەکانی پزیشکی، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە تاوەکوو ئێستا 15 هەزار منداڵ کوژراون.”
ئاماژەی بەوەش کرد، “بەدرێژایی 14 مانگ، ڕۆژانە 35 منداڵ کوژراون.”
هەروەها ئاژانسی ئۆنروا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، “مانگانە نزیکەی 475 منداڵ، یان ڕۆژانە 15 منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی ئیسرائیل لە ساڵی 2024 لە کەرتی غەززە بەکاری هێناوە، دەبنە خاوەن پێدایستی تایبەت.”
یونیسێف ئاماژەی بەوەش کردووە، “تەنیا لە هەفتەی یەکەمی ساڵی 2025، لانی کەم 74 منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.”