ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

گوتەبێژی پێشووی هەسەدە: سەرۆك بارزانی ناوبژیوانێكی نموونەییە بۆ رۆژئاوای كوردستان

 

گوتەبێژی پێشووی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) جەخت لە گرنگیی پێگەی سەرۆك بارزانی بۆ ناوبژیوانیكردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە و باس لە چەند مەرجێك دەكات كە بۆ هەسەدە داندراون.

 

كۆتایی هەفتەی رابردوو، پاش دەستپێشخەرییەكی سەرۆك بارزانی و ناردنی نوێنەری خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە.

 

لەمبارەیەوە عەقید تەڵاڵ عەلی سلۆ، گوتەبێژی پێشووی هەسەدە بە ڕۆژنامەی (القدس العربي) راگەیاندووە، بە نێوانگیریی سەرۆك بارزانی، ڕێككەوتنێكی سەرەتایی كراوە و چەند مەرجێك داندراوە كە دەبێ هەسەدە پێیانەوە پابەند بێت، پاشان ڕێككەوتنی كۆتایی دەكرێت بە شێوەیەك كە هەموو پێكهاتەكانی سووریا پێی رازی ببن.

 

گوتیشی: ”بارزانی ناوبژیوانێكی نموونەییە و پاش ئەوەی ژمارەیەك مەرج وەدیهێندران، هەسەدە و ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات دەچنە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریاوە.“

 

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی سێ دۆسیەی لە خۆوە گرتووە، لە هەموویان گرنگتر بابەتی یەكڕیزیی كورد بووە لە گۆڕەپانی سووریا، هەروەها باس لەوە كراوە كە ئەو چەكدارانەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و فەرماندانەی هەسەدە كە خەڵكی سووریا نین، لە رۆژئاوای كوردستان دەربچن. لەگەڵ باسكردن لە چارەنووسی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ كە ژمارەیان چەند هەزار پێشمەرگەیەكە و كوردی ڕۆژئاوای كوردستانن.

 

گوتەبێژی پێشووی هەسەدە ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە یەكخستنی هەڵوێستی كورد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا و پاراستنی مافی كورد لە سووریا و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان لە ڕێگەی ئاشتی لە سووریا كراوەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا دەکات

یاسین

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندی دا لەسەر کەمکردنەوەی باجی مامەڵەی خانووبەرە

سەڵاح