ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

فەرەنسا داوای بەشار ئەسەد بۆ دادگایی کردن دەکات

 

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، فەرەنسا فەرمانی دەستگیرکردنی نوێی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا دەرکردووە.

ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پێشڕەویی دژبەران و داگیرکردنی دیمەشق ڕووخا. ئەسەد لەو کاتەدا بۆ ڕووسیا هەڵاتووه.

ئەو هەنگاوانەی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی دادوەریی فەرەنسا لە چوارچێوەی بەدواداچوونی کەیسی هاووڵاتییەکی 59 ساڵەی فەرەنسی-سوری بە ناوی “ئەبو نەبور” دەهاویژرێت. ئەم هاووڵاتییە فەرەنساییە، لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەسەد بۆ سەر دەرعا لە حوزەیرانی 2017دا کوژراوە.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی فەرەنسی “لو پاریزین”، دەزگای دادوەریی فەرەنسا پێی وایە ئەسەد فەرمانی ئەم هێرشە ئاسمانییەی داوە و بەم هۆیەوە  بە ئەنجام‌دانی “تاوانی دژی مرۆڤایەتی” تۆمەتباری دەکات. حکومەتی ئەسەد لەو کاتەدا هەوڵی دەدا لە ڕێگەی هێرشەکانییەوە دەرعا لە ژێر دەستەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنێت.

عومەر ئەبو نەبور، کوڕی ئەم قوربانییە لە بەیاننامەیەکدا گوتی: “ئەمە لوتکەی خەباتێکی درێژە بۆ گەیشتن بەو دادپەروەرییەی خێزانەکەم لە سەرەتاوە باوەڕی پێی بووە.” ئەو هەروەها گوتی: دادگایەک لەمبارەیەوە بەڕێوە دەچێت و تاوانباران لە هەر کوێ بن، دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن.

فەرەنسا پێشتریش فەرمانێکی بۆ دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد دەرکردبوو و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023 بە تۆمەتی “هاوکاریکردن لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ” تاوانبار کرابوو.

ئەم فەرمانە دوای لێکۆڵینەوەکانی فەرەنسا لەبارەی هێرشە کیمیاییەکانی مانگی ئابی ساڵی 2013 لە “دوما” و ناوچەی “غوتەی ڕۆژهەڵات” دەرچوو. زیاتر لە هەزار کەس لەو هێرشەدا کوژران.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریا کە لە ساڵی 2011 ـەوە، بە سەرکوتکردنی توندی ناڕەزایەتییەکان دژ بە حکومەتی بەشار ئەسەد دەستی پێکرد، تا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەست دا و ملیۆنان کەس بەهۆی شەڕ و قەیرانە ئابووری و مرۆییەکانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی‌ی دیکە هەڵاتن.

هەواڵی پەیوەندیدار

جگەر هەڕکی: ئەز وەکی زانایەکێ کورد ل جیهانێ لێرەمە دا کو خزمەتا خەڵک و وەڵاتێ خو بکەم

یاسین

سەردار رەسول : دروشمی حزبەكان دژی پارتیە چونكە ناتوانن وەكو پارتی بن

گوران

بەرشەلۆنە جێگرەوەی شتیگن دیاریدەکات

یاسین