لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا، کۆمەڵگەی ئێزدی یاسای لێبووردنی گشتی ڕەت دەکاتەوە و سەرکۆنەی دەکات.
شەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆمەڵگەی ئێزدی بە هاوبەشی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تێیدا هەموواری یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2016ـی لێبووردنی گشتی ڕەت دەکەنەوە و سەرکۆنەی دەکەن کە ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 پەرلەمانی عێراق پەسەندی کرد، لە کاتێکدا ئەو لێبووردنە هەموو ئەو داعشە تیرۆریستانە دەگرێتەوە کە قێزەوەنترین تاوانیان دەرهەق بە مرۆڤایەتی لە عێراق کردووە، سەرباری ئەوەی کۆمەڵکوژییان دژی ئێزدییەکان ئەنجام داوە لە شنگال و دەورووبەری.
لە بەیاننامەکەدا دەڵێن: ئێمە لە 10 ساڵی ڕابردوودا چاوەڕێی دادپەروەریمان دەکرد بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی دەرهەقمان کرا، دەڵێن: تێپەڕاندنی هەموواری یاسای لێبووردنی گشتی جێی سەرسوڕمان بوو بۆ ئێمە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموواری ئەو یاسایە پێشێلی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەخلاقی و بنەماکانی دەستوور و یاسایە، دەشڵێن: ئەو هەمووارە بەشداریی دەکات لە کەمکردنەوە لە بەهای پێکهاتەکانی عێراق.
لە ڕاگەیاندراوەکە، کۆمەڵگەی ئێزیدی و قوربانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تێپەڕاندنی ئەو یاسایە مەترسی دەخاتە سەر گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان لە عێراقدا.
داوا لە سەرۆک کۆماری عێراقیش دەکەن ئەو هەمووارە پەسەند نەکات، هاوکات داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن ڕۆڵی خۆی ببینێت وەک چاودێر لەسەر دەستوور، لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە داڕشتنەوە بۆ هەموواری پرۆژە یاساکە بکات بە لێدەرکردنی هەموو ئەوانەی بەشداریی تاوان و تیرۆریان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیان کردووەتەوە کە گرنگە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە بکرێت کە پشتیوانی تاوانەکانیان کردووە بەهەر شێوەیەک.