لە درێژەی سەردانە فەرمیيەکەیان بۆ وڵاتی ئیسپانیا، دەستەی گەشتوگوزاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرۆکایەتيی ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و بە یاوەری ڕاوێژکاری یاسایيی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کەتەلۆنیایان کرد و لە لایەن پاتریک تۆرێنت، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمهكهوه پێشوازیيان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە دارەوان حاجی حامد، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئامادەی بوو، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار باسی لە کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان خاوەن بنەمای بەهێزی گەشتیاریيە و سروشتێکی جوان و ناوازەی هەیە، کە لە هەموو وەرزەکان جێگهی سەرنجی گەشتیارانە و گونجاوە بۆ زۆرێک لە جۆرەکانی گەشتوگوزار.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کەتەلۆنیا جەختی لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی پەیوەندیيەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی کەتەلۆنیا لە بواری گەشتیاری كردهوه و خواستی خۆیشی بۆ کاری پێکەوەیی و لێکنزیکردنەوەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەردوولا نيشان دا.
هەروهها نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ئاماژەی بەوە دا بە ڕەچاوکردنی یاساکانی وڵاتی ئیسپانیا، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ، بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمەکانی وڵاتی ئیسپانیا لە بوارەکانی گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، پیشەسازی، هونەر و کولتوور.