سەرچاوەكانی مێدیای ئەمریكا بڵاویان كردەوە، كە هێزە ئەمنییەكان، تۆمەتبارێكیان دەستگیر كرد، كە پلانی دانابوو وەزیری بەرگریی (پیت هیگسیس) و سكۆت بێسنت، وەزیری گەنجینە و مایك جۆنسۆی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، بكوژێ.
لە سكاڵای تاوانەكەدا هاتووە، كە رایان ئینگلیش، چەقۆ و شووشەی مۆڵۆتۆڤی پێ بووە و كاتێك لە ئەفسەرێكی كاپیتۆل نزیك بووەتەوە، خۆی ڕادەست كردووە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو تۆمەتبارە بە ئەفسەرەكەی گوتووە بۆ كوشتنی سكۆت بێسنت هاتووە، كە ئەنجوومەنی پیران وەكوو وەزیری گەنجینەی ئیدارەی نوێی ترەمپ دایناوە.
ڕوونیش كراوەتەوە، كە ئەو كەسە، سەرەتا پلانی هەبووە وەزیری بەرگریی ترەمپ، یان سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كۆمارییەكان بكوژێ، بەڵام دوای ئەوەی زانیویەتی ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی ترەمپ رۆژی دووشەممە بەڕێوە دەچێت، پلانەكەی گۆڕیوە بۆ كوشتنی بێسنت.
بۆ بیرهێنانەوە، پێش چەند ڕۆژێك، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، گەنجێكی لە 20ـەكانی تەمەنیدا دەستگیر كرد، كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تیكتۆك) ڤیدیۆیەكی بڵاو كردبووەوە و تێیدا داوای ئەوەی كردبوو كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بكوژرێ و بە زەبری هیچ گۆڕانكاریی سیاسیی بێتە ئاراوە.