ئەو گەنجەى چەند جارێک لە وڵاتى سوید چەند کۆپیەکى لە قورئانى پیرۆز سوتاند، تەرمەکەى بە کوژراوى لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە و پۆلیس دەڵێت: لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردوە.
میدیاکانى سوید لە زارى پۆلیسى ستۆکهۆڵم بڵاویانکردوەتەوە؛ شەوى رابردو سەلوان مۆمیکاى تەمەن 38 ساڵ لە شارى سۆدەرتالى لە شوقەیەکدا بە گولـلە کوژراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە پێشتر مۆمیکا چەند زانیارییەکى لەبارەى هەوڵى کوشتنییەوە بڵاوکردوەتەوە؛ دواجار لە پەخشى راستەوخۆى تیکتۆکدا بوە و هەر لەویادا تەقەى لێکراوە و کوژراوە.
ئەوەخراوەتەڕو کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەى روداوەکەوە دەستیانپێکردوە و ئاسایشى سوید ئامادەنییە هیچ زانیارییەک بخاتەڕو و گابرێل وێرنسێد، وتەبێژى رۆژنامەوامیی دەزگاى ئاسایشى سوید لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاندوە کە ئەوە کارى پۆلیسى وڵاتەکەیە و ئەوان کارى تێدا دەکەن.
بۆ یەکەمجار، لە 28ـى 6ـى 2023 لە یەکەم رۆژى جەژنى قوربان، سەلوان مۆمیکا کە گەنجێکى کریستیانى عێراقى پەنابەرى وڵاتى سوید بو، لە ستۆکهۆڵم کۆپیەکى لە قورئانى پیرۆز سوتاند، دواتر سێ جارى دیکە ئەو کارەى دوبارە کردەوە و ئەمەش ناڕەزایەتییەکى بەرفراوانى لە وڵاتانى ئیسلامى لێکەوتەوە و لە عێراقیش وەک ناڕەزایەتییەک دژى رێگەپێدانى هێرشکرایەسەر باڵیۆزخانەى سوید و سوتێنرا و باڵیۆزى عێراقیش لە سوید کشێنرایەوە.