تیمێکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی فەرمانبەرانی گومرگی بەلجیکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا، تۆڕێکی گەورەی قاچاخی جگەرەیان دۆزیوەتەوە لە نێویان بردووە. ئەم تۆڕە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ١.٥ ملیار دانە جگەرەی قاچاخی لە ڕێگەی ١٥٠ کۆنتێنەرەوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گواستووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی مێدیای ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی کانوونی دووهەم ، لە هەڵمەتێکدا ١٠ گومانلێکراو دەستگیرکران. ئەم کەسانە تۆمەتبارن بەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ڕێکخراو خەریکی قاچاخی جگەرە لە ئاستێکی بەرفراواندا بوونە و بارەکانیان لە وڵاتانی جیاوازی یەکێتیی ئەورووپا ساغ کردووەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەم جگەرە قاچاخەکان زۆربەیان “لە کارگە فەرمییەکان”ی ئێران و تورکیا بەرهەم دەهێنران. پاشان ئەم بارانە بۆ بەندەرە جیاوازەکانی جیهان نێردراون و لەوێ لەلایەن هاوکارانی قاچاخچییەوە دووبارە بارکراونەوە. لە قۆناغی دواتردا، بە گۆڕینی زانیارییەکانی کاڵا لە بەڵگەنامەکانی گواستنەوەی دەریایی، ئەم بارانە بۆ بەندەرەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەگوازرانەوە. لە کاتی هاتنەژوورەوەشدا، زانیاریی ساختەی کاڵا و وەرگرانی دروستکراو لە بەڵگەنامەکاندا بەکاردەهێنران.
بەرپرسانی لێکۆڵینەوە مەزەندەیان کردووە ئەم تۆڕە قاچاخە بووەتە هۆی لەدەستدانی ٥٥٠ ملیۆن یۆرۆ داهاتی باج.
لێکۆڵینەوەکان لەم کەیسەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستیپێکرد، کاتێک کارمەندان سێ کۆنتێنەری گومانلێکراویان دۆزییەوە کە بە ڕواڵەت کەرەستەی بیناسازییان تێدابوو. بەڵام تەنها یەکێک لە کۆنتێنەرەکان بەڕاستی کەرەستەی بیناسازی تێدابوو و دوو کۆنتێنەرەکەی دیکە پڕبوون لە جگەرەی قاچاخ. بەڵگەکان نیشانی دەدەن پێش ئەوە زیاتر لە ٢٠ کۆنتێنەریدیکە بە هەمان شێوە هاتبوونە نێو یەکێتیی ئەوروپا.
بەپێی ڕاپۆرتان، ساڵانە چەندین ملیار جگەرەی قاچاخ دەچێتە نێو بازاڕی ئەوروپا و بەشێکی بەرچاوی لە ڕێگەی بەڵکان و تورکیاوە تێدەپەڕێت. ئێران و تورکیا وەک دوو وڵاتی گرنگ لە بەرهەمهێنان و ترانزێتی جگەرەی قاچاخ بۆ ئەوروپا دەناسرێن. بەرپرسانی ئەوروپایی بەردەوام سەبارەت بە ڕۆڵی ئەم دوو وڵاتە لە قاچاخی جگەرە هۆشدارییان داوە.