ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی 1ی 2025 جۆی وێڵسن، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا، لە تویتەری خۆی ڕایگەیاندووە، پێویستە سزا بەسەر بانكی ڕافیدەینی عێراقدا بسەپێنرێت، بە هۆكاری ئەوەی پارەی ڕژێمی ئێران سپی دەكاتەوە.
ویڵسن لە تویتەكەیدا دەڵێ: “لە سەردەمی بایدن و برێت مەکگۆرک، گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵی ڕێگەیان بە بانکی ڕافیدەین داوە كە گەورەترین بانکی عێراقە، ببێتە ئامێری سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕژێمی ئێران و موڵكەكانی بۆ بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی”.
دەشڵێت: “پێویستە سزای توندی ئەو بانكە بدرێت، ترەمپ ئەو هەڵەیە ڕاست دەكاتەوە.”
وێڵسن یەكێكە لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا لە پارتی كۆمارییەكان، كە بە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ترەمپ ناسراوە. ناوبراو هەڵوێستی لەگەڵ لاوازكردنی ئێرانە، وەكوو كشانەوە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی و توندكردنی سزاكان.