دوێنێ سێشەممەی، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2024 داوای مافی پەنابەری بە ڕێژەی 34% لە وڵاتدا کەمی کردووە، ئەمەش جێی خۆشحاڵی وەزیری ناوخۆ یە کە لە پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیایە و خوازیارە لە هەڵبژاردنەکانی 23 ی ئەم مانگە بە سوودی پارتەکەی بکەوێتەوە.
نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا کە بەپێی ڕاوەرگرتنە گشتییەکان پارتەکەی لە پلەی سێیەمدایە، لە بارەی دابەزینی ڕێژەکە وتی،” ئەمە جارێکی دیکە پیشانی دەدات ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوومانەتەبەر سوودیان هەبووە.” وتیشی دەزگا پەیوەندیدارەکان بە توندی بەردەوامن لە ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی.
لە پاش هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەڵمانیا کە کەسانی پەنابەر ئەنجامیان دابوون و بەهۆیانەوە 8 کەس گیانیان لەدەستدا، نیگەرانییەکی زۆر لە نێو ئەڵمانەکاندا دروستبووە بە شێوەیەک پشتیوانانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە سیاسەتێکی توندی بەرامبەر پەنابەران هەیە، زیادیکردووە.
بەپێی زانیارییە نوێیەکانی بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی 2024 تەنیا 213499 کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، بەڵام لە ساڵی 2023 گەیشتبووە 322636 کەس. هەروەها لە مانگی یەکی ئەمساڵ بە ڕێژەی 37% داوای مافی پەنابەری کەمی کردووە بەراورد بە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو.
لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی گەیشتوونەتە ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە و بەپێی پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا لە ساڵی 2024 ناوی 83572 کۆچبەری نایاساییان تۆمارکردووە، بەڵام لە ساڵی 2023 ناوی 127549 کۆچبەری نایاسایی تۆمارکرابوو.
ئەڵمانیا لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە چاودێرییەکی توندی خستووەتە سەر هەموو سنوورەکانی، ئەمەش ڕەخنەی وڵاتانی دراوسێی لێکەوتووەتەوە دەڵێن ئەو کارە پێشێلکردنی یاسای ئازادی هاتوچۆیە لە نێو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
voa