سوپای ئۆکراینا ڕزگارکردنی ناوچەی زیاتری لە ژێر دەستی ڕووسیا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا لە ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی هەزار سەربازی ڕووس کوژراون یان بریندار بوون. ئەرکانی گشتیی سوپای ئۆکراینا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ١٢٣ پێکدادان لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ ڕوویان داوە. سوپای ئۆکراینا لە ناوچەی زاپۆریژژیا و لە نزیک ڕووباری دنیپرۆ پێشڕەویی بەرچاوی کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، دەستکەوتە زەوینییەکانی ئۆکراینا بۆ یەکەم جار لە دوای ئۆپەراسیۆنی کۆرسک، لە دەستکەوتەکانی سوپای ڕووسیا زیاتر بووە.
هەروەها باس لەوە کراوە کە لە سەرەتای جەنگەکەوە، ڕووسیا نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٧٠ هەزار سەربازی لەدەست داوە و زیاتر لە ١١ هەزار و ٧٠٠ تانک و ٣٧ هەزار و ٨٠٠ سیستەمی تۆپهاوێژی تێک شکاون. لە لایەکی ترەوە، درۆنێکی ئۆکراینی کارگەیەکی کیمیایی لە شاری کیرۆڤۆ چێپێتسکی ڕووسیا لە دووریی ١٢٠٠ کیلۆمەتر کردە ئامانج. هاوکات ڕووسیا ئۆکراینای تۆمەتبار کرد کە لە دەریای ناوەڕاست بە درۆنی دەریایی هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی گاز. هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا ڕایگەیاند کە لە کۆی ١٤٩ درۆنی ڕووسی، ١٢٩یان لە لایەن سیستەمی جەنگیەوە خراونەتە خوارەوە، کە زۆربەیان لە جۆری شاهیدی ئێرانی بوون.

