دوا به‌دواى كێشمه‌كێش و ململانێی نێوان دادگاى فیدڕاڵى عێراق و ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای لێبوردنى گشتی كه به‌م دواییانه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یاسای گه‌ڕانه‌وه‌ى موڵك و ماڵ و هه‌مواركردنى بارى كه‌سێتى له په‌رله‌مانى عێراق په‌سند كران، هه‌ردوو دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى قادسیه و نه‌جه‌ف، دادگاكانی سه‌ر به دادگاكه‌یان ڕاده‌سپێرن ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنى یاساكه بكه‌ن.
هه‌ردوو دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى قادسیه و نه‌جه‌ف، دادگاكانى سنووره‌كانیان ڕاده‌سپێرن ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنى یاسای لێبوردنى گشتی بكه‌ن كه له 21ى 1ى 2025 له‌گه‌ڵ دوو یاسای دیكه‌دا په‌سند كران.
به‌پێی نووسراوێكی دادگاى نه‌جه‌ف، یه‌كه‌م كه‌س كه سوودی له‌و یاسایه بینیوه كه‌سێكه به‌ناوى (صدام دواى صدام مشتت) و له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ى ئه‌نجامى داوه، سكاڵاكار لێی خۆشبووه و سازشی له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ى كردووه.
ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه دێت كه دادگاى فیدڕاڵی عێراق فه‌رمانێكی وه‌لائى ده‌ركرد بۆ ڕاگرتنى ئه‌و یاسایه و دوو یاساكه‌ى دیكه، به‌ڵام زۆرى پێنه‌چوو ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى فەرمانی كرد هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی، جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌مه له كاتێكدایه، كه ڕۆژى سێشه‌ممه 4ى شوباتى 2025، دادگاى فیدڕاڵی عێراق بڕیارێكی وه‌لائی ده‌ركرد بۆ ڕاگرتنى هه‌رسێ یاسای لێبوردنى گشتیی و هه‌مواركردنى بارى كه‌سێتی و گه‌ڕانه‌وه‌ى موڵك و ماڵ.