دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا سزای ئابوری و گەشتکردن بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە لە لێکۆڵینەوەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژی هاووڵاتیانی ئەمەریکا یان هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیل تێوەگلاون.
ئەم کارەی سەرۆک ترامپ هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن. ناتانیاهۆ لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ شەڕی غەززە داواکراوە.
لە وەڵامی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکای کرد بۆ ئەم “کردەوە بوێرانەیە” و لە تۆڕی ئێکس و نووسیویەتی “ئەم فەرمانە بەرگری لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر ئەم دادگا گەندەڵ و دژە ئەمریکی و دژە جووە کە هیچ دەسەڵاتێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە دژی ئێمە نییە.”
دوای ئەم بڕیارە، چەندین وڵات ” پشتگیریی جێگیریی ” خۆیان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەربڕی.
نزیکەی 80 وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند” جەخت لە پشتگیرییە بەردەوام و جێگیرەکەمان دەکەینەوە بۆ سەربەخۆیی و بێلایەنی و سەروەریی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.”
وتیشیان ” دادگاکە وەکو پایەیەکی زۆر گرنگی سیستمی دادی نێودەوڵەتی لە ڕێی دڵنیابوونەوەوە لە لێپێچینەوە لەسەر مەترسیدارترین تاوانەکانی جیهان و دادپەروەریی بۆ قوربانییان خزمەت دەکات.”
لە نێو ئەو وڵاتانەدا کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیایان تێدا بووە. هەریەک لە ئوستڕاڵیا و کۆماری چیک و هەنگاریا و ئیتاڵیا خۆیان لەو بابەتە بە دوورگرت.
سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئوربان پێشتر ڕۆژی هەینی ڕوونی کردەوە کە پشتگیری لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەکات.
وتیشی ” ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاریا پێداچوونەوە بکاتەوە بەوەدا کە ئێمە چی دەکەین لە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا کە لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادایە! بایەکی نوێ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەڵیکردووە. ناوی دەبەین تۆرنادۆی ترامپ.”
هۆڵەندای میوانداریی دادگاکە وتی بە داخەوەیە بۆ سزاکان و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە کارەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا وتییان سەرۆک ترامپ هەڵە بووە لە سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا.
شۆڵز وتی ” سزاکان ئامڕازێکی هەڵەن. دامەزراوەیەک دەخەنە مەترسییەوە کە دەبێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە دیکتاتۆرەکان لەم جیهانەدا نەتوانن هەروا بە سادەیی خەڵک سزا بدەن و جەنگ دەستپێبکەن، ئەوەش زۆر گرنگە.”
سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزی وت بەرپرسانی دادگاکە ڕۆژی هەینی لە هاگ کۆبوونەتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی سزاکان.
جێی ئاماژەیە هەریەک لە ئەمەریکا و ڕووسیا و چین و ئیسڕائیل ئەندام نین لە دادگاکەدا.
سزاکانی ئەمەریکا بریتین لە سڕکردنی سەرمایەکانی سزادراون لە ئەمەریکا و قەدەغەکردنی گەشتی خۆیان و خێزانەکانییان بۆ ئەمەریکا.
بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دوای ئەوە بوو دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو ڕێگرییان لە هەوڵێکی کۆمارییەکان کرد بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەک کە سزا دەسەپێنێت بەسەر دادگاکەدا.
مانگی ڕابردوو سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزی وت دادگاکە پێشوەخت ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ستافەکەی لە ئەگەری سزاکانی ئەمەریکا، پێشوەخت مووچەی سێ مانگی داوە بە کارمەندەکانی، لە کاتێکدا کە ئامادەکاری کردووە بۆ کەمبوونەوەی داراییەکەی کە دەکرێت دادگاکە پەکبخات.
لە مانگی دوانزەدا سەرۆکی دادگاکە دادوەر تۆمۆکۆ ئاکانی هۆشداریدا و وتی سزاکان دەکرێت ” بە خێرایی ئەرکەکانی دادگاکە بخەنە مەترسییەوە لە سەرجەم دۆخ و دۆسییەکاندا و مەترسی لەسەر بوونی دادگاکە دروست بکەن.”
voa