ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لوبنان ڕێگە لە فڕۆکەی‌ گەشتیاریی ئێران دەگرێت

لوبنان بەهۆی هۆشدارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەی هێرشی تیرۆریستی، لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕێگەی لە نیشتنەوەی دوو گەشتی فڕۆکەکانی کۆمپانیای ئاسمانیی ئێرانیی “ماهان” لە فڕۆکەخانەی بەیروت کرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ناونەناسراو لە لوبنان ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکەی بە “جدی” وەسف کردووە و دەڵێت ئەگەری دوور نیە ئیسرائیل فڕۆکەخانەی بەیروت بکاتە ئامانج. بەپێی ئەم سەرچاوەیە، لوبنان پاش ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆککۆماری و سەرۆکوەزیرانی وڵات، بڕیاری پشگرتن به نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکانی دا.
پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، لوبنان یەکەم فڕۆکەی کۆمپانیای ماهانی ڕێگەنەدا لە بەیروت بنیشێتەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شەوی پێنجشەممە دەیان لایەنگری حیزبوڵڵا ڕێگاکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەکەیان داخست و بە سوتاندنی تایە و گوتنی دروشم ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. ڕۆژی هەینیش دووەم گەشتی فڕۆکەی ئێران ڕاگیرا.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی هەینی ئیسرائیلی بە هەڕەشەکردن بە فڕۆکە ئێرانییەکان و تێکدانی گەشتە ئاساییەکان بۆ بەیروت تۆمەتبار کرد. لە بەرانبەردا، ئیسرائیل باسی لەوە کرد ئێران لە فڕۆکە مەدەنییەکان بۆ قاچاخکردنی پارە بۆ حیزبوڵڵا سوود دەگرێت.
هەروەها ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرنال ئاشکرای کرد ئیسرائیل سکاڵای لە کۆمیتەیەکی ئەمریکایی کردووە سەبارەت بە قاچاخکردنی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ حیزبوڵڵا لەلایەن دیپلۆماتکارانی ئێرانییەوە. لە کاتێکدا ئەمریکا حیزبوڵڵا بە تیرۆریست دادەنێت، یەکێتیی ئەورووپا تەنیا باڵی سەربازیی ئەم گرووپەی لە لیستی ڕەشدا هێشتووە.
ئەم ڕووداوان هاوکاتن لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و چۆڵکردنی پێگەکانی حیزبوڵڵا که بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێودەوڵەتی ڕێکخرابوون. بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی لوبنان ڕایگەیاندووە هەندێک گەشت، لەوانەی گەشتەکانی ئێران بۆ زیادکردنی ئاستی ئەمنی، بە شێوەیەکی کاتی تا ١٨ی شوبات ڕاگیراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

بنستان عصمت: چجاران پارتی دیموکراتی کوردستان خو ژخەلکی جودانەکریە

سەڵاح

بەڕێوەبەری نوێى ئەوقافی ھەولێر دەستبەكاربوو

دڵشاد

سبەی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بەردەوام دەبن و یاری ئاگرین هەیە

یاسین