سەرچاوەیەکی فەرمی حکوومەتی عێراق ئاشکرایکرد، دەزگاکانی حکوومەتی عێراق ئاگادارییەکی فەرمییان پێگەیشتووە سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر بانکە نوێیەکانی عێراقدا، بەهۆی تێوەگلانیان لە کاری گواستنەوەی دراو بهشێوهیهكی نایاسایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
سهرچاوه عێراقییهكه ڕاگەیاندووە، “دەزگاکانی حکوومەتی عێراق بە فەرمی لەلایهن وهزارهتى گهنجینهى ئەمەریکاوه ئاگادارییەکیان پێگەیشتووە کە وەک قۆناغی یەکەم سزا بەسەر پێنج بانکی عێراقی سهپێندراوه، جگە لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ. سزاكانیش بەهۆی تێوەگلانی بانكه سزادراوهكانه لە پرۆسهى گواستنەوەی نایاسایی، هەروەها تێوەگلانیان لە قاچاخچێتی به دۆلارهوه بۆ لایەنە قەدەغەکراو و سزادراوەکانی ئەمریکا، دیارترینیان کۆماری ئیسلامی ئێرانە“.
ئەو سەرچاوەیە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، له لێدوانهكهیدا بۆ ماڵپهرى (شهفهق نیوز) ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئاگاداریشی پێگەیشتووه کە بڕیارێکی ئەمریکی دەرچووە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سەرجەم کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ دەرەوەی وڵات و سزاكه لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا جێبهجێ دهكرێت، وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی دراو بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی ئەو کارتانەوە، ئهوهش دوای ئەوەی جموجۆڵی دارایی گوماناوی لەلایەن تیمە ئەمریکییەکەی تایبەت بە چاودێریکردنی جموجۆڵە داراییەکانی ناوخۆی عێراق، چاودێری دەکرا.
ئەو سەرچاوە بەرپرسەی حکوومەتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە “ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا بۆ عێراق پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو سزایانە دواهەمین سزا نابێت بهسهر بانکەکان و هەندێک کۆمپانیادا بسهپێنرێت، بەو پێیەی چاودێری کارەکانی هەندێک بانکی دیکە هەیە، ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا سزایان بۆ دەربچێت“.
جێی ئاماژهپێدانه كه لە 19ی تەمموزی 2023، گەنجینەی ئەمریکا لە هەڵمەتێکدا دژی مامەڵەی دۆلار لهگهڵ ئێران، سزای بەسەر 14 بانکی عێراقدا سەپاند.
وەزارەتی گهنجێنهى ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ڕێگری لە چوار بانکی دیکەی عێراقی کرد کە دەستیان بە دۆلار بگات و بە هاوکاری بانکی ناوەندی عێراقیش کۆنترۆڵی توندتری بەسەر گواستنەوەی دارایی لە وڵاتەکەدا بە گشتی سەپاند.