ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەوروپا پاکێجی گه‌وره‌ی سزاکان به‌ سەر ڕووسیادا ده‌سه‌پێنێت

 

ڕۆژێک دوای دانوستانی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعودیە بۆ تاوتوێکردنی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند پاکێجێکی نوێ و گەورەی سزاکانی سەر مۆسکۆ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پەسەند دەکرێت.

پێشکەشکردنی پاکێجێکی نوێی سزاکان لە لایەن یەکێتی ئەورووپا بۆ سەر ڕووسیا، نیشانەیەکی دیکەی گرژییە دیارەکانی نێوان زلهێزەکانی ئەوروپا و ئەمەریکایە لەسەر دانوستان لەگەڵ ڕووسیا. ئۆکرانیا و زلهێزەکانی ئەوروپا ئەو دانوستانانەی لە ڕیاز بەڕێوەچوو بە پشتگوێخستنی کیێڤ و ئیمتیازێکی پێشوەختە بۆ ڕووسیا ناودەبەن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا بە دانوستان لەگەڵ ڕووسیا “یارمەتی پوتن دەدات” و ئاماژەی بەوەشکرد کە ناتوانێت “وڵاتەکەی بفرۆشێت”.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی ڕیاز، کرێملین دووپاتی کردەوە ئەگەری کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ دانۆڵد ترامپ لە 10 ڕۆژی داهاتوودا هەیە. هەروەها چەند کاتژمێرێک پێش قسەکانی وتەبێژی کرێملین، ترامپ ئەگەری دیداری هاوتا ڕووسییەکەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاگەیاندبوو.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا سەبارەت بە پاکێجی نوێی سزاکانی سەر ڕووسیا نووسیویەتی پێشوازی لەو سزایانە دەکات و ڕایگەیاندووە کەشتییەکانی ڤلادیمێر پوتن سزا دەدرێن و قەدەغەکردنی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئەلەمنیۆم لە ڕووسیاوە پەسەند دەکرێت.

بەگوێرەی ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، بڕیارە 73 کەشتی ڕووسی بخرێنە لیستی سزاکانی ئەوروپاوە.

پاکێجی نوێی سزاکانی یەکێتی ئەورووپا دژ بە ڕووسیا کە 16هەمین پاکێجی سزاکانە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بڕیارە 13 بانکی دیکەی ڕووسی لە بەشداریکردن لە سیستەمی پارەدانی جیهانی سویفت دوور بخاتەوە و هەشت دەزگای ڕاگەیاندنی دیکەی ڕووسیا لە ئەوروپا قەدغە بکەن.

ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەوروپا خۆی بە “پابەند بە بەردەوامبوون لە فشارخستنە سەر کرێملین” دەزانێت.

بڕیارە ئەم پاکێجەی سزاکان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە بە فەرمی پەسەند بکرێت. ئەم بەروارە هاوکاتە لەگەڵ سەرەتای ساڵی چوارەمی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

بڕیارەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت بە کۆدەنگی وڵاتانی ئەندام بدرێن. هەنگاریا کە ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکەکەی هاوپەیمانی دانۆڵد ترامپە، ناڕەزایی خۆی دەربڕیبوو لە بانگهێشت نەکردنی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی ئەوروپا سەبارەت بە ئۆکرانیا.

ڕۆژی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە دیپلۆماتکارانی ئەوروپایی نووسیویەتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا لە دانوستانەکانی پێشوویاندا گەیشتوونەتە کۆدەنگی لەسەر سزا نوێیەکانی سەر ڕووسیا.

یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە لەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئاشتییەی کە واشنتن لەگەڵ مۆسکۆ بریارە بیکات، بەرژەوەندییەکانی ئۆکرانیا لەبەرچاو نەگرێت.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

فەللوجە.. ژمارەیەک هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی کۆگای کلۆر خنکاون

سەڵاح

خولی ئەڵمانیا.. جەنگی بایرن و لیڤەکوزن لەنێو ئەلیانز ئەرینا یەکلانەکرایەوە

یاسین

هەزار و ٦٤٠ حاجی هەرێمی کوردستان، بەڕێ کەوتن، حكومه‌ت ئاسانكاری بۆ كردوون

سەڵاح