نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥، بە بازدانێکی زیاتر لە هەزار تومەن گەیشتە نزیکەی ٩٤ هەزار تومەن. هاوکات ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند، هەڵاوسانی مانگانەی مانگی ڕێبەندانیش پێوانەی دوو ساڵەی شکاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، نرخی دۆلار بەرانبەر تومەنی ئێران لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٥٪، لە ماوەی مانگێکی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٪ و لە ماوەی ساڵێکی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠٪ بازدانی هەبووە. ئەمەش لەگەڵ گەشەی نەختینەییدا، بووەتە هۆی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر لە وڵاتدا.
بازدانی نرخی زێڕ:
نرخی جۆرەکانی زێڕی لیرە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا بەراورد بە چوارشەممە لە ١.٥٪ەوە تا سەرووی ٣٪ بازدانی هەبووە. نرخی لیرەی بەهاری ئازادی لە ٧٣ ملیۆن تمەن و نرخی لیرەی ئیمامی لە ٧٨ ملیۆن تمەن تێپەڕیوە و بەراورد بە هەمان کاتی پار نزیکەی دوو ئەوەندە بووە.
هەڵاوسانی مانگانە بەرزترینە لە دوو ساڵدا:
ناوەندی ئاماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و نیشان دەدات نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە مانگی شوبات بەراورد بە مانگی پێشتر ٤.١٪ زیادی کردووە. ئەم ڕێژەیە بەرزترین گەشەی هەڵاوسانی مانگانەیە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا. هەڵبەت هەڵاوسانی کەلوپەلە خۆراکییەکان زۆر زیاتر لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بووە و ٦.٧٪ تۆمار کراوە.
زیادبوونی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە مانگی شوباتدا بەراورد بە هەمان مانگی پار (هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ) سەرووی ٣٥٪ ڕاگەیەندراوە و ئەم ڕێژەیەش لە کەلوپەلی خۆراکیدا زیاترە.
ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە بەرزترە:
هەڵبەت ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی میدیاکانی ناوخۆی ئێران نیشان دەدەن ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە زۆر بەرزترە لەو ڕێژەیەی ناوەندی ئامار بڵاوی دەکاتەوە. بۆ نموونە میدیاکانی ئێران باسی بازدانی ٨٣٪ی نرخی برنج لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەراورد بە سەرەتای پاییزی ڕابردوویان کردووە، بەڵام ناوەندی ئامار دەڵێت بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە پەیوەندی بە سەوزە و دانەوێڵە هەیە و نزیکەی ١٧٪ بووە و کەلوپەلە خۆراکییەکانی دیکە گەشەی نرخیان کەمتر لەم ڕێژەیە بووە.
ئێران لە ڕیزبەندیی وڵاتانی خاوەن بەرزترین هەڵاوسان دایە:
ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر بووە و سفرەی خەڵک ساڵ بە ساڵ بچووکتر بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF)، ئێران ئەمساڵیش لە نێو ١٠ وڵاتی خاوەن بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسان لە جیهاندایە.
یەک لەسەر سێی ئێرانییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدان:
لەم دۆخەدا، ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت ٢٧٪ی ئێرانییەکان بە داهاتی ڕۆژانەی دوو دۆلار دەژین؛ واتە یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران توانای دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە. هەروەها پێوەری جیهانی برسێتی (GHI) نیشان دەدات ٦.٥٪ی دانیشتووانی ئێران تووشی خراپ خۆراکی بوون.