ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران… پەرلەمان پڕۆژەیاسایەک بۆ خوێندنی زمانی نەتەوەکانی دیکە لە قوتابخانەکان ڕەتدەکاتەوە

ئەندامانی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران) پڕۆژەیاسایەکی کۆمیسیۆنی پەروەردە، توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای خودی پەرلەمانیان بۆ فێرکردن و وانە وتنەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە ڕەتکردەوە.

ئەندامانی پەرلەمانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 26ی مانگی دوو بە 104 دەنگی بەڵێ و 130 دەنگی نەخێر و پێنج دەنگی بێ لایەن دژایەتی خۆیان بۆ پڕۆژەیاساکە دەربڕی و ڕەتیانکردەوە.

نوێنەرانی لایەنگری ئەم پلانە بە ئاماژەدان بە ماددەی 15ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاند کە لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە فێرکردنی زمانی دایک لە قوتابخانەکانی وڵاتدا دەبێت ڕێگری لێنەکرێت.

وتەبێژی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کە پرۆژە یاساکەیان پێشکەش کردووە، داوای کردووە توانای پەروەردەیی وڵاتەکە تا ئاستی بیست لەسەد بۆ فێرکردنی ئەو زمانانە لە قوتابخانەکاندا تەرخان بکرێت.

بە پێی ماددەی 15ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، زمان و ڕێنووسی فەرمی وڵات فارسییە و بەکارهێنانی زمانی نەتەوەکانی دیکە لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی گشتی و فێرکردنی ئەدەب و زمان لە قوتابخانەکاندا، شانبەشانی زمانی فارسی ئازادە و نابێت ڕێگری لێبکرێت.

بەڵام بە کردەوە پەروەردە بە زمانی دایکی بە دەگمەن لە سیستەمی پەروەردەی فەرمی ئێراندا جێبەجێ دەکرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕازیبوون و “هەستکردن بە هەڵاواردن” لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا.

نوێنەری مەسعود پزشکیان ڕۆژی چوارشەممە دژایەتی ئەو پلانەی کرد و وتی “ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی کە دامەزراوەیەکی جێگای متمانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە، دژی ئەو پلانەیە.”

هەروەها محەممەد مەهدی شەهریاری، ئەندامێکی پەرلەمان ڕایگەیاندووە بەهۆی “چالاکی دژە ئێرانی”ی بەشێک لە نەتەوەکان لەسەر سنوورەکانی وڵات، ئەم پلانە “یەکڕیزی و یەکگرتوویی وڵات دەخاتە مەترسییەوە“.

پەروەردە بە زمانی دایکی نەک تەنیا لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتی دەکرێت، بەڵکو لە نێو چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی ئێرانیش کە لایەنگری سەردەستبوونی زمانی فارسین، دژایەتی دەکرێت و پێیان وایە لەم ڕێگەیەوە ئێران پارچە پارچە دەبێت و بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە دایدەنێن.

هوکات لایەنگرانی پەروەردەی زمانی دایکی لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەڵێن سەرەڕای “فرەچەشنی زمانەوانی” کە لانیکەم 75 زمان و شێوەزاری جیاواز لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران لەخۆ دەگرێت، هەندێک لە نەتەوەکان بە هۆی سنووردارکردنیان بۆ فێربوونی زمانەکەیان هەست بە جیاکاری و پشتگوێخستن دەکەن.

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی بۆ شێخ عومەر عەلی: خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم

سەڵاح

ئەنجوومەنی وەزیران چوار پرسی گرنگ تاوتوێ دەکات

یاسین

دكتۆره‌ نه‌هله‌ : تا ھەمواری یاسای بوودجە ناردنی پارە بەردەوام دەبێت

یاسین