ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران: سوید بۆی نییە دەست لەکاروباری ئێران وەربدات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبەرانبەر هەڵویست و دەستوەردانی هەندێک لە بەرپرسانی سوید دژی ئێران، باڵیۆزی سویدی لە تاران بانگهێشت کرد.

ئاژانسە هەواڵیەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 10-3-2025 شەهرام قازیزادە، سەرۆکی فەرمانگەی سێیەم بۆ کارباری ڕۆژئاوای ئەورووپا، ماتیاس ئۆترشێتد، بالیۆزی سویدی ئاگادار کردووەتەوە و ڕەخنەی لێگرتووە بەوەی وەزیری پەروەردەی سوید، یوهان پێرسۆن، درۆ و تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستەی وڵاتەکەی کردووە و دەستوەردان لەکاروباری وڵاتەکەی دەکات، ئەمەش دژی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیە.

ئەو بەرپرسەی ئێران گوتیشی: “حکوومەتی سوید لە دۆخێکدا نییە کە دەست لەکاروباری دامەزراوە یاساییەکانی وڵاتێکی دیکە وەربدات، یان بەرگری لە تاوانبارێک بکات کە تاوانەکەی سەلمێنرابێت.”

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 7ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی سوید، داوای لە باڵیۆزی ئێرانی لە ستۆکهۆڵم کرد، دەبێت بەخێرایی ئەحمەد ڕەزا جەلالی لێکۆڵەری ئێرانی – سویدی ئازاد بکەن، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئاماژەی بەوەش دابوو، جەلالی بەدەست نەخۆشیەکی قورسەوە گرفتارە، بۆیە پێویستە بەهۆکاری مرۆییەوە دەستبەجێ ئازاد بکرێت، تاوەکوو بتوانێت پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات، هەروەها دەبێت بەخێرایی پزیشکی بۆ دابین بکرێت و ڕێگەش بە بەرپرسانی سوید بدرێت چاویان بە جەلالی بکەوێت لەزیندان.

ئەحمەد ڕەزا جەلالی پزیشک و وانەبێژ لە ئینستیتیوتی کارۆلینسکا بووە لە سوید، لە مانگی نیسانی ساڵی 2016 لە سەردانێکیدا بۆ ئێران دەستبەسەرکراو و دواتر بە تاوانی سیخوڕی و پێدانی زانیاری بە ئیسرائیل بۆ تیرۆرکردنی چەندین زانای ئەتۆمی ئێران سزا درا.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2018دا، سوید ڕەگەزنامەی پێبەخشی و داوای لە کاربەدەستانی ئێران کرد کە سزای لەسێدارەدان بەسەریدا جێبەجێ نەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی 17 چەکداری پەکەکە و یەپەگەی راگەیاند

سەڵاح

دوو رۆژ قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیندرێت

یاسین

سودانی: هیچ مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە عێراقەوە هەڵنەدراوە

یاسین