zagros news agency

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی دانوستانەکانی عومان؛ ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

 

لە کاتێکدا چاوەڕوانیی دەستپێکردنی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان دەکرێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی خستە سەر پێنج کۆمپانیا و کەسایەتییەکی دیکەی ئێرانی.

ئەم سزایانە بە تۆمەتی یارمەتیدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران سەپێنراون. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەم کۆمپانیا و کەسانە پارچە و تەکنۆلۆژیایان بۆ دروستکردنی ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم (سانتریفیوژ) دابین کردووە، هەروەها لە پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای سووتەمەنیی ناوکیی تۆریۆمدا هاوکاریی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیان کردووە.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە دانوستانەکانی داهاتوودا ئەوەیە کە ئێران ڕازی بکات واز لە پەرەپێدانی سانتریفیوژەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت.

بەڵام محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئەم داوایەی ئەمریکای بە “گاڵتەجاڕی” ناوبرد و ڕەتی کردەوە.

ئیسلامی جەختی کردەوە کە ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پاشگەز نابێتەوە و وتی: “ئەم قسانە تەنیا شەڕێکی دەروونین کە ئەمریکا دەیکات بۆ ئەوەی ئیمتیازی زیاتر لە ئێران وەربگرێت.”

پێشبینی دەکرێت ئەم سزایانە کاریگەرییان لەسەر کەشوهەوای دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان واشنتن و تاران هەبێت کە بڕیارە لە عومان ئەنجام بدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

جووتیارانی کەرکووک گردبوونەوە و هەڕەشە لە حکوومەت دەکەن

سەڵاح

شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا چووە قۆناغێكی مەترسیدارەوە

سەڵاح

کرملین: هێشتا ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەدی نەهاتوون

سەڵاح