سەرۆكی شارەوانیی هەولێر نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشكردنی زەوی ڕادەگەیەنێت و دڵنیاییش دەداتە فەرمانبەران و جووتیاران.
كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی دابەشكردنی زەوی، ڕایگەیاند: “دڵنیایی دەدەمە فەرمانبەران ئەو كەسانەی مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، ئێمە بەپێی ئەو یاسا و ڕێنوێنییانە لەبەردەستماندان، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین، بۆ نموونە ئەو كەسانەی گرێبەستی كشتوكاڵییان هەیە 3% بە زەوی قەرەبوو دەكرێنەوە، قەرەبووی دامەزراوەكانیشیان وەردەگرنەوە، ئەوانەی خاوەن مافی رەفتاركردنیان هەیە، بە ڕێژەی 12% بە زەوی قەرەبوو دەكرێنەوە و قەرەبووی دامەزراوەكانیشیان وەردەگرنەوە، هەروەها ئەوانەی كە (موڵك سەرف)یشن، ئەوانیش بە ڕێژەی 20% قەرەبوو دەكرێنەوە، ئێمە دڵنیایی دەدەینە جووتیاران یەك مافیشیان لە زەوییەكاندا هەبێت، پابەند دەبین لە پێدانەوەی مافەكانیان و قەرەبوو دەكرێنەوە.”
گوتیشی: “بڕیاری دابەشكردنی زەوی كە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە درا، كاردانەوەی زۆرباشی بە دوای خۆیدا هێنا، چونكە زیاتر لە 16 ساڵ بوو زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەكرا، لەو بڕیارەشدا تەنیا لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 60 هەزار كەس سوودمەند دەبێت.”
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، تا ئێستا نزیكەی 3 هەزار پارچە زەوییان دابەش كردووە، ئێستاش سەرقاڵی یاسا و ڕێنوێنییەكانن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارچە زەوییەكانی تر، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانیش سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی نەخشەكانن.

