وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، ئەنتۆنیۆ تایانی، بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ١٩ی نیسان، لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
تایانی لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە هەردوو لایەنی دانوستانکار و هەروەها وڵاتی عومانیش، کە ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتۆندا دەگێڕێت، داوایان کردووە کە ئیتاڵیا میوانداریی گەڕی نوێی گفتوگۆکان بکات و حکومەتی ڕۆماش بە ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی داوەتەوە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە هاوتەریب لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لە ڕۆما، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش، سەردانی پایتەختی ئیتاڵیا دەکات. سەرەڕای ئەمەش، هێشتا بە ڕوونی دیار نییە کە ئاخۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە کۆبوونەوە و دانوستانەکاندا دەکات یان سەردانەکەی بۆ مەبەستێکی دیکەیە.

