ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکان نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرێژەی (1.7%) بەرزبوەوە و گەیشتە 3289.47 دۆلار.
هاوکات، بەپێی داتاکانی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی ئایندەی زێڕی ئەمریکا بەڕێژەی 1.9% بەرزبوەوە و بۆ یەکەمجارە ئاستی سێ هەزار و 300 دۆلاری تێپەڕاند.
تیم واتەر، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕ لە کۆمپانیای KCM Trade دەڵێت: دابەزینی بەهای دۆلار، کاریگەری بەردەوامی لەسەر ناجێگیری بەهای زێڕ دەبێت.
پێوەرەکانی دۆلار بەڕێژەی 0.4% لە بەرامبەر ڕکابەرەکانی دابەزی، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبونی خواست لەسەر زێڕ.
زێڕ، وەک وەبەرهێنانێکی سەلامەت لە کاتی نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکی و ئابوریدا سەیر دەکرێت، ئەمساڵ بەرزترین ئاستی تۆمارکردوە و زیاتر لە 24% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لاوازبوونی دۆلار و پەرەسەندنی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا، نیگەرانییەکانی گەشەی ئابوری جیهانی بە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبونەوەی نرخی زێڕ دادەنرێن.

