کۆبوونەوەی پلانبۆداڕێژراوی نێوان شاندی دەم پارتی و یلماز تونج، وەزیری دادی تورکیا، بڕیاربوو ١٨ی نیسانی ٢٠٢٥ بەرێوەبچێت، بەڵام بەهۆی کێشەی تەندروستیی یەکێک لە ئەندامانی شاندی دەمپارتی، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەم کۆبوونەوەیە بەشێک بوو لە هەوڵەکانی بەیاساییکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی، کە دوای کۆبوونەوەیەکی گرینگی شاندی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە مانگی نیسان گرنگییەکی زۆری پەیداکردبوو.
سەرچاوەکانی میدیای تورکیا باس لەوە دەکەن، دواخستنی کۆبوونەوەکە بەهۆی جەڵتەی دڵی سری سورەیا ئۆندەر، یەکێک لە ئەندامانی سەرەکیی شاندەکە، بووە. ئۆندەر کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی دەم پارتی و چالاکوانێکی سیاسیی بەناوبانگە، بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ئەستەنبوڵ. دوای نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو کە ١٢ کاتژمێری خایاند، ئێستا لە ژێر چاودێریی چڕی تەندروستی دایە و دۆخی تەندروستییەکەی وەک “جێگیر” وەسفکراوە.
دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەفتەی داهاتوو وادەیەکی نوێ بۆ کۆبوونەوەکە دیاریدەکات، بەڵام هێشتا کاتی دیاریکراو نەدراوە. سەرچاوەکانی نزیک لە دەم پارتی ئاشکرایان کردووە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی پێشوەختەی پرۆسەی ئاشتی گرینگە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان ئاماژەی بە پێویستیی گفتوگۆیەکی کراوە و یاسایی کردبوو.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆکان لە تورکیا بەتایبەتی لە ناوچە کوردییەکان بوونەتە تەوەرەیەکی گرینگی میدیا و ڕرای گشتی. بەپێی زانیارییەکانی بەردەست لە سەرچاوەکانی میدیاوە، هەندێک لە لایەنگرانی دەم پارتی نیگەرانیی خۆیان لە دواخستنی کۆبوونەوەکە دەربڕیوە و کەسانێکی دیکە هیوایان خواستووە ئەمە تەنها دواخستنێکی کاتی بێت و کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی ئاشتی نەبێت.

