جۆن ئیلییۆت، گوتەبێژی پێشووی پێنتاگۆن، گوتی، پێم وایە پیت هێگستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا، بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکەیدا نامێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاژاوەیە کە لەناو وەزارەتەکەدا سەریهەڵداوە.
ڕۆژنامەی ‘پۆلیتیکۆ’ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە، ئیلییۆت کە لە مانگی ئاداردا لە کارەکەی دوورخرایەوە، ڕایگەیاندووە، لە مانگی ڕابردووەوە ئاژاوەیەکی گەورە کەوتووەتە ناو وەزارەتی بەرگری، لەوانە دزەپێکردنی زانیارییەکان و دەرکردنی کارمەندانی بەکۆمەڵ، ئیلییۆت، ئەمەی بە تێکچوونی کارکردنی ناو دامەزراوەکە وەسف کرد، کە دۆناڵد ترەمپ زۆر سەرقاڵ دەکات.
ئیلییۆت گوتیشی: بەهۆی ڕوودانی ئەم ئاژاوانە، ئەستەمە وەزیری بەرگری ئێستا بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەی ڕابردوو هەواڵێک بڵاوبووەوە سەبارەت بە ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا، جۆ کاسپەر، پێشتر دارێن سێلنیک جێگری سەرۆکی ئەرکان و دان کالدوێڵ ڕاوێژکاری وەزیری بەرگری مۆڵەتی کارگێڕییان پێدراوە.
گوتەبێژی پێشووی ئەمەریکا دەشڵێت، لە مانگی ڕابردوووەوە سەرنجی پێنتاگۆن لە ئۆپەراسیۆنەکانیەوە گۆڕاوە بۆ ئەو درامایەی کۆتایی نایەت، پێدەچێت زۆرێک لە کارمەندانی وەزارەتەکە دەستخۆشی لە ترەمپ بکەن، ئەگەر بێت و بڕیاری پاککردنەوەی سەرکردایەتی پێنتاگۆن بدات.
لە کۆتاییدا گوتی: “بە سادەیی پێنتاگۆن لە ئاژاوەیەکی تەواودایە.”
شۆن پارنێل، گوتەبێژی پنتاگۆن ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستیکردەوە، ئەو دەنگۆیانە تەنیا هەواڵی ساختەن، لەلایەن “دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە ڕقیان لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکە و دەیانەوێت دووبەرەکی بخەنە نێوان هەرکەسێک کە پابەند بێت بە کارنامەی ترەمپە.”
هەروەها ئەو گوتەبێژە ئەو تۆمەتانەی بە “بێمانا” وەسف کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دەزگا میدیاییانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە، پشتیان بە کارمەندانی پێشووی ناڕازی و لێدوانی ئەو کەسانە بەستووە کە لەم هەفتەیەدا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
شۆن پارنێل دەڵێت: ئەو کەسانەی کە دوور خراونەتەوە، بەهەوڵی وەزیری بەرگریی و کارنامەی سەرۆک بووە، هەروەها هیچ گفتوگۆیەکی نهێنی لە گرووپ چاتی سیگناڵدا لەبارەی یەمەنەوە نەکراوە.

