zagros news agency

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: عێراق ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئابووری دەبێتەوە لە مێژووی خۆیدا

 

بەپیێ پێشبینییەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ ئابووریی عێراق بە ڕێژەی 1.5٪ دەپووكێتەوە و ئەمەش گەورەترین قەیرانی ئابوورییە کە عێراق لە مێژووی خۆیدا پێیدا تێدەپەڕێت.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، سەرچاوەی ئەم قەیرانە ئابوورییە ترسناکە دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە: ”دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستێک کە هاوسەنگیی دارایی عێراق دەخاتە بەردەم ئاستەنگی ڕاستەقینەوە و دەبێتە هۆی فراوانبوونی کورتهێنانی بودجە و دابەزینی توانای دارایی وڵاتەکە.“

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، کە ئابووریی عێراق لە ماوەی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 1.5٪ دەپووكێتەوە.

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هەروەها مەزەندەی ئەوەشی کردووە: ”بۆ عێراق، پێویستە نرخی نەوت بە 92 دۆلار بێت بۆ هەر بەرمیلێک تا بتوانێت بۆ خەرجیەکانی حکوومەت لەمساڵدا دابین بکات، لە کاتێکدا نرخی داهاتووی نەوتی خاوی برێنت لە نزیک ئاستی 65 دۆلارە.“

لەم بارەیەوە، پرۆفیسۆر و شرۆڤەكاری ئابووریی نێودەوڵەتی نەوار ئەلسەعدی، بە ڕۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقیی ڕاگەیاندووە: “دوایین ڕاپۆرتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، جێی سەرسوڕمان نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی واقیعێکی ئاڵۆزی ئابوورییە کە عێراق لەم قۆناغەدا پێیدا تێدەپەڕێت.”

ئەو تویژەرە ئابوورییە ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەم قەیرانە پەیوەستە بە چەندین هۆکاری تێکەڵاوەوە، لە سەرووی هەموویانەوە دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستێک دەبێتە هۆی کورتهێنانی بودجە، چونکە عێراق بەتەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجییە گشتییەکانی.“

دەشڵێت: کاتێک نرخی نەوت دادەبەزێت بۆ خوار 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، وەک ئێستا کە ئەوە ڕوو دەدات، دەوڵەت ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی دەبێتەوە کە دیارترینیان فراوانبوونی کورتهێنانی بودجە و دابەزینی توانای دابینکردنی بودجە و وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی خزمەتگوزارییە.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەو پسپۆڕە ئابوورییە هۆکاری ئەم قەیرانەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە: کە عێراق هێشتا سەرکەوتوو نەبووە لە بنیاتنانی ئابوورییەکی هەمەجۆر کە توانای بەرگەگرتنی شۆکی نەوتی هەبێت کە عێراق لە بازنەی پشتبەستن بە بازاڕی دەرەکی و پشتیوانی حکوومەت دەهێڵێتەوە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتی نەوت یان گۆڕان لە نرخی ئاڵووێر ڕوو بدات، یەکسەر دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ئابووری کە لەوانەیە بەرەو داڕمان بچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی هاوپەیمانێتیی عەزم دەكات

سەڵاح

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئێران بەڕێکەوت

یاسین

پیپ گواردیۆلا وەڵامی مایلز لویس دەداتەوە

یاسین