zagros news agency

ئێران و ئەمریکا ئامادەکاری بۆ گەڕی چوارەمی دانوستان دەکەن

لە کاتێکدا ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆیان بۆ گەڕی چوارەمی دانوستانەکانیان ئامادە دەکەن کە هێشتا کات و شوێنەکەی دیاری نەکراوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشدارییەکی توند دەداتە تاران. فەرەنسا ڕایگەیاندووە ئەگەر تا پێش مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران چارەسەر نەکرێت و ڕێککەوتنێک نەکرێت کە بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا مسۆگەر بکات، ئەوا سەرجەم ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی بەهۆی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ەوە هەڵپەسێردرابوون، دەگەڕێنرێنەوە سەر ئەم وڵاتە.
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند: “من و هاوکارە بریتانی و ئەڵمانییەکانم بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ مارک و پشتگیری لە دانوستانی ئێران و ئەمریکا دەکەین. بەڵام ئەگەر تا بەر لە مانگی ئۆکتۆبەر ڕێک نەکەون، ئێمە دوودڵ نابین لە گەڕاندنەوەی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی ١٠ ساڵ پێش ئێستا ڕاگیران، کە بۆ هەمیشە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە تەکنۆلۆژیا و وەبەرهێنان و بازاڕەکانی ئەورووپا ڕادەگرێت.”
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای لە ئێران کرد تا زووە بڕیاری پێویست بدات بۆ ئەوەی تووشی “خراپترین دۆخ” نەبێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران “لە بەرەبەری دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدایە” و بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، ئێستا خاوەنی نزیکەی ٦ هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە ئاستی پیتاندنەکەی سێ هێندەی ئەو ئاستەیە کە لە ڕێککەوتننامەی ٢٠١٥دا ڕێگەی پێ درابوو.
هاوات، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، جەختی لەسەر گرنگیی کات کردەوە و وتی: “لە سەروبەندێکی زۆر بەپەلەداین. باسەکە لەسەر چەند هەفتەیەکە، ئاخۆ لەو ماوەیەدا دەتوانین بە ئەنجامێک بگەین کە شیاوی جێبەجێکردن بێت و لەوەش گرنگتر، تارمایی تێکهەڵچوونی سەربازی لەسەر ئەم جیهانە و ئەو ناوچەیە بڕەوێنینەوە.”
لە لایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئێران داوای لە وڵاتانی بریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا (ناسراو بە E3) کردووە کە ڕۆژی هەینی، ٢ی ئایار، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، گفتوگۆ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە بکەن. تا ئێستا ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە وەڵامی فەرمیی داواکارییەکەی تارانیان نەداوەتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە تیمێکی تەکنیکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ گفتوگۆ و چاودێری لە تارانن، ئەمەش گرنگی و هەستیاریی دۆخەکە زیاتر دەردەخات.

هەواڵی پەیوەندیدار

پرۆژەیەکی دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو جێبەجێ دەکرێت

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

سەڵاح

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح