ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

راگه‌یاندراوێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بۆ رای گشتی

 

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكرده‌وه‌.

 

ده‌قی راگه‌یاندراو:

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

جەماوەری بەڕێزی كوردستان و عێراق

ئاشكرایە پارتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، خەباتی كردووە بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و چەسپاندنی دیموكراسیەت، وەك دوو ئامانجی لەیەكدی دانەبڕاو، لەو باوەڕەوە كە تەنها لەڕێگەی بەدیموكراسی كردنی سیستەمی حوكمڕانی عێراقەوە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان دێنەدی. لەو سۆنگەیەشەوە جەنابی سەرۆك بارزانی، لەیەكەمین رۆژەكانی ڕاپەڕینی بەهاری 1991دا، بۆ بەرجەستە كردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پاراستنیان و پیادەكردنیان بەشێوەیەكی دروست، بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی (هەڵبژاردنێكی ئازاد) وەك بنەمای دامەزراندنی حوكمڕانیەكی دیموكراسی لەهەرێمدا كرد، هەر بۆیەشە هەمیشە پارتیمان داكۆكیكار بووە لە فەراهەم كردنی بنەماو پێوەرەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد كە خۆیان دەبیننەوە، لانی كەم، لە بوونی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە كە گەرەنتی نوێنەرایەتی كردنی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لەپەرلەمان بكات و دەرگای دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ زۆرترین ژمارەی هاووڵاتیان بكاتەوە و كەمترین دەنگ لەنوێنەرایەتی بەفیڕۆ بچێت و ڕەنگدانەوەی وویست و ئیرادەی كۆمەڵگا بێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن دەزگایەكی سەربەخۆ و بێلایەن و شارەزا و شەفافەوە لەسەرجەم قۆناغەكانیدا، بە مەرجی سەرەكی پاك و بێگەردیی پرۆسەكە زانیوە، بەشێوەیەك كە متمانەی دەنگدەر و لایەنە بەشدارەكان بە هەڵبژاردنەكە بپارێزێت و پتەو بكات.

لەسۆنگەی هەستكردن بەو ئەرك و بەرپرسیارییەوە بووە كە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كارمان كردووە، تا سەرجەم هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەکی دروست و دستوری بەڕێوە بچن بە تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا، لەو پێناوەشدا بەشدارێكی جیددی بووین لەسەرجەم گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق، بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن و سازان و كۆدەنگی لەسەر بابەتەكانی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن. بەڵام دوای ئەوەی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بردرایە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی، سەرەڕای ئەوەی كەیسەكە، بەبێ پاساو و بێ ڕەچاوكردنی مافە دەستوریەكانی گەلی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی دامەزراوەیەكی گرنگی وەك پەرلەمان، ماوەیەکی زۆر دواخرا تا دەركردنی بڕیاری كۆتایی ژمارە (83 وموحدتیها 131 و 185/اتحادیة/2023) لە رۆژی 21ی شوباتی 2024، بەتایبەتیش دوای دەرچوونی پاشخان (حیثیات)ی بریارەکەی دادگا لەسەر یاسای هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کە وردەکاری زیاتری نادەستوریی بەرامبەر هەرێم تێدایە و درێژەی ئەو زنجیرە بریارە نادەستوریانەیەتی کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوو بەرامبەر هەرێمی کوردستان داویەتی، لەهەمان کاتدا ئەوەی تێبینیمان كرد و لەكاتی خۆیدا ڕای گشتیشمان لێ ئاگادار كردەوە، بریتیە لە پێشێلكاریە زەق و مەترسیدارەکەی دەستور لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیدا بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسی هەرێم، و هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی، كە دەكرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا روونیان بكەینەوە:

1) دادگای باڵای فیدراڵی بە هەمواركردنەوەی جومگە گرنگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ماددەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی سیستەمی بازنەكانی هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان و ژمارەی كورسیەكان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی ماددەكانی (117 و 121)ی دەستوری كردووە كە تایبەتن بە گەرەنتی كردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم، لەهەمان كاتدا پێشێلكاری زەقی ماددەی (6)ی دەستوریشی كردووە كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێوازێكی دیموكراسیانە و بەپێی ڕێوشوێنە دەستوریەكان دەبێت، لەكاتێكدا ئەو هەموارکردنانە دەبێتە هوی شێواندنی سیستەمی دیموکراسی.

2) بە نەهێشتنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەياساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە گەرەنتیە سەرەكیەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لەهەرێمدا پێشێلکرا، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە ئەوە پێشێلكردنی وویست و ئیرادەی هاووڵاتیانی هەرێمە لەمامەڵەكردن لەگەڵ بابەتێكی هەستیاری وەك پێكەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردندا، كە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی هەرێم، لەلایەكی دیكەشەوە ناكۆكە لەگەڵ ماددەكانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ى دەستور و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانى عێراق و ماددەكانی (2) و (25) لە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكان (ICCPR)، كە عێراق لە ساڵی 1971 پەسندی كردووە و پێوەی پابەندە، كە هەموویان جەخت دەكەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەل لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا.

3) دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، كە لە ماددەی (شەشەم دووبارە/  بڕگەی چوارەمـ)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دیاریكراوە، و سپاردنی ئەو تایبەتمەندییە بە دەستەیەكی دادوەریی سەر بە (مجلس القضاء الاعلی)ی فیدراڵی، زێدەڕۆییەكی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، چونكە لەلایەك پێشێلكردنی سەربەخۆیی هەرێمەكانە، و لەلایەكی تریشەوە لادانێكی بێ پاساوی ئەوپیادە كردنە ئاساییەیە كە لەمەوپێش لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی فیدراڵییەوە پەیڕەو دەكرا، بەوەی هەمیشە دەستەیەكی دادوەریی لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم تانەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی یەكلایی دەكردەوە.

4) بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای باڵای فێدرالی بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە لە دەستوردا بۆی دیاری نەکراوە. بەتایبەتی ئەو كاتەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007 ی دەركرد، بەپشت بەستن بە ماددەی (110)ی دەستور، سەرەڕای نەبوونی هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە سامانی نەوتيی لەو ماددەیەدا، لەكاتێكدا لە دەستوردا ماددەی (112) تایبەت كراوە بە سامانی نەوت و گاز، کە بەڕوونی جەخت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو سامانە بەهاوبەشی لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمەكاندا دەكات. سەرەڕای ئەوەی لە ماددەی (115)دا جەخت لەوە كراوەتەوە كە لەو پرس و بوارانەی دەكەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە هاوبەشەكانەوە، هەرێمەكان دەسەڵاتی یاسادانانیان هەیە، لەوەش زیاتر لەكاتی ناكۆكی لەنێوان یاسای فیدراڵی و یاسای هەرێمەكان لەو بوارانەدا، ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمەكانە.

 

5) جگە لەو پێشلکارییە دەستوریانەی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فێدرالی بەرامبەر یاسای هەڵبژاردن کراون، چەند ڕێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر کە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدیەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (400) هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان لەدەنگدان، کە دەکاتە 20%ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان كردووە، بەبیانوی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان، هەروەها بابەتی نادادپەروەری لە دیارکردنی کورسیەکانی پارێزگای هەڵەبجەدا.

6) دوای رووخانی رژیمی پێشو دەرکەوت کە عێراقی فرەنەتەوە و فرە ئایین و ئاینزا، بەیەك پێكهاتە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە ناچیت، بویە (هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی) بوون بە بنەمای رێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەوەی عێراق بۆ هەمووان بێت و هاووڵاتی هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی وەلانان و دەستێوەردان و برسیکردن و برینی بودجە و مووچە و هەروەها سیاسەتی جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستور بەشێوەی ئینتقائی، كۆمەڵێك هەنگاون بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و بوون بە بنەما بۆ ئیدارەدانی ئەم وڵاتە، سەرەرای ئەمەش پارتیمان لە هەوڵ و کوششی خۆی نەوەستا بۆ راستکردنەوەی ئەم لادان و شێوازی حوکمرانیە کە پێچەوانەی رۆحی دەستورە، بەڵام دەسەلاتدارانی بەغدا پەرۆشییان پیشان نەداوە بۆ راستکردنەوەی ئەو لادانە دەستوریانە.

لە بەرەنجامی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە و پێشلکردنی بەشێک لەماددەکانی دەستور و بەڕەچاوكردنی ئەوەی كە خودی پێكهاتەی ئێستای دادگای باڵای فیدراڵی نادەستورییە و بەردەوام لەبڕیارەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، پێشێلی مافە دەستوریەكانی كردووە و دەیەوێت ئەو دەستكەوتانەی گەلەکەمان كە بە خەبات و تێكۆشان و خوێنی شەهیدەكانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانكراوان وەدەستی هێناون، بە بڕیاری سیاسی و  نادەستوری لە گەلی كوردستانی بستێنێتەوە.

هاووڵاتیانی بەرێز؛

لێرەدا لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێنەکردنی دەستور و تەواوی خالەکانی رێکەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەرێز محمد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا.

هەروەها بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی عێراقی و نێودەوڵەتی رادەگەیەنین، سەرەڕای متمانە بەخۆبونمان و بە پشتیوانیی گەڵی کوردستان بەوەی کە چۆن لە ساڵی 1992 تا ئێستا لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی خەلکی کوردستان متمانەیان بەپارتیمان بەخشیوە، ئێستاش بروامان بەخۆمان و گەلەکەمان هەیە کە هێزی یەکەمی کوردستانین، بەڵام لەسۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی  عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستوری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەند کردنی بریاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەلبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری  و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

18-3-2024

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی عێراق

یاسین

ماموستایەکی ئایینی شاری بۆکان حوکمی ئێعدامی بۆ زیندانی هەتاهەتایی دابەزی

یاسین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی دووبارە کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس بەشداری دەکات

سەڵاح