ئەمڕۆ یەکشەممە، 4-5-2025، حووسیەکانی یەمەن چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، “ئەمڕۆ یەکشەممە، یەمەن چەند مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، سیستەمی بەرگری ئاسمانیش هەوڵی خستنە خوارەوەی مووشەکەکانی داوە، بۆیە داوایان لە خەڵک کردووە پابەندبن بەو ڕێنماییە بەرگرییانەی کە لەلایەن فەرماندەیی بەرەی ناوخۆوە دەرکراوە.”
هەروەها فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هەڵدانی مووشەکێک لە یەمەنەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی تەلئەڤیڤ و قودس و کەناری ڕۆژئاوا لیدراوە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، سەرجەم گەشتە هاتن و چوونەکانی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن ڕاگیراون.
سوپای ئیسرائیل ئاشکراشی کردووە، “دوای زەمگی ئاگادارکردنەوە، چەندین هەوڵ درا بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکێکی یەمەن، بەڵام مووشەکەکە لە ناوەڕاستی ئیسرائیلدا کەوتووەتە خوارەوە، بۆیە ئێستا لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی دەکرێت.”
ڕۆژنامەی “یسرائیل هایۆم” ئاسکرای کرد، دوای ئەوەی مووشەکێک لە یەمەنەوە هەڵدراوە، هەزاران ئیسرائیلی بەرەو پەناگەکان هەڵاتوون.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی موشەکێک ژمارەیەک هاووڵاتی بە سووکی بریندار بوون.

