دووشەمممە، 12-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای ‘دابین’ لە هەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خودای گەورە و مێهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، میوانانی قەدرگران، زۆر زۆر بەخێر بێن و زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارین لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم کۆمپانیا گەورەیە، ئەم شوێنە کە پێش دوو ساڵ ئێمە لێرە هاتین و بەردی بناغەی دروستکردنی کارگەی دروستکردنی چیمەنتۆمان دانا کە لەلایەن دابین گرووپ و پاوەر چاینا، هەم دیزاین کراوە و هەم ئەرکی جێبەجێکردنیش لە ئەستۆی ئەوان بووە.
کەمتر لە دوو ساڵ ئێمە لێرە بووین و لە ماوەی خۆیدا، ئێستا ئەنجامەکەی دەبینین. جێی دەستخۆشییە بە ڕاستی کە کارێکی لەم چەشنە و بەم جۆرە، بەم خێراییە ئەنجامیان داوە، جێی سەربەرزی و شانازییە کە دەبینین توانایی ناوخۆیی لەگەڵ هاوکاریی دۆستەکانمان لە دەرەوە کە دەتوانن کەرتی پیشەسازی بەم جۆرە لە کوردستان بونیاد بنێن و دەستپێکێک بێت بۆ هەنگاوی گەورەتریش لە داهاتوودا.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە کە دەبینین لێرە بایەخێکی زۆر بە بابەتی ژینگەپارێزی دراوە و فیلتەری ئەم هەموو دووکەڵ و ئەم هەموو گازەی کە بە پێچەوانەوە دەبووە کێشەیەکی سروشتی، ئێستا ئەمە چارەسەر کراوە. من دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژەیە دەکەم کە بابەتی ژینگەپارێزییان لەبەرچاو گرتووە و هیوادارم هەموو شوێنی تریش ئەمەیان لەبەرچاو بێت و بەشێکی سەرەکی لە کار و پیشەیان ئەوە بێت کە ئێمە چۆن ڕێز لە سروشتی خۆمان بگرین و ژینگەی خۆمان بپارێزین.
بەرهەمی ئەم کارگەیە زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار تۆن ساڵانەیە هی چیمەنتۆ، کە بێگومان ئەمە بەشێکی زۆری پێداویستیی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش دابین دەکات. چەندین پرۆژەی تری هاوشێوەش لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەمە ئاماژە بەوە دەدات کە کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندان، پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە کە بکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستان.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە، دیسان بیستمان کە زیاتر لە هەزار و 200 هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە ڕەخساوە، ئەمەش بەشێکی ترە لە بەڵێنی حکوومەتی هەرێم کە بە پاڵپشتی کەرتی تایبەت، ئێمە هەلی کاریش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین دەکەین. دەستخۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەو کارە جوانانەی کە دەیکەن.
هەر لە تەنیشت ئەم پرۆژەیە، پرۆژەیەکی تری گەورەی گەشتیاری لێرە هەیە هی بەنداوی گۆمەسپان. کەواتە ئەو بەڵێنانەی حکوومەتی هەرێم داویەتی بۆ پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاری، خەریکە ئێمە بەرهەمەکانی وردە وردە دەبینین و بەشێکی زۆریان جێبەجێ دەکرێن. بەڵام ئەمە دەستپێکە، ئەمە هەنگاوی سەرەتاییە، کوردستان زۆر زۆر دەوڵەمەندە و مەجالی زیاتر هەیە کە ئێمە بتوانین لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان، لە هەموو شوێنەکانی تر، لە هەموو شار و شارۆچکەیەک، گرنگی بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بدەین. لەو شوێنانەی پێویست بێت، کەرتی پیشەسازی بایەخی پێ دەدەین، لەو شوێنانەی پێویست بێت، کەرتی گەشتوگوزار بایەخی پێ دەدەین. کەرتی کشتوکاڵیش هەر وەکوو خۆتان دەزانن، ماوەیەکی زۆرە ئێمە وەبەرهێنانێکی زۆرمان کردووە و هانی جووتیارەکانمان داوە کە ئەوان بەردەوام بن لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ.
ئەم بەشانە هەمووی بە یەکەوە، جارێکی تر ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە کە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم بۆ هەمەچەشنکردن و فراوانکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری، سیاسەتێکی دروست بووە، ڕەوا بووە و بەردەوام دەبین لەوەی کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێ و دەرەوەش زیاتر بکەین تاکوو زیاتر بایەخ بە پێشخستنی کوردستان بدەین و بووژانەوە لە کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت. تاکوو سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، کوردستان بێگومان زیاتر هەنگاو بەرەو پێشکەوتن دەنێت و ئێمە هەموو ئاواتمان ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە، خەڵكی کوردستان، ئەو کەسانەی سەردانی کوردستانیش دەکەن، بە ئارامی و بە ئاسایش و بە دڵنیایی بژین و ڕوو لە ئاییندەیەکی گەشتر بکەن.
جارێکی تر دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژەیە گەورەیە دەکەم. دەستخۆشی لە دابین گرووپ و پاوەر چاینا دەکەم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن. چاوەڕێ دەکەین پرۆژەی هاوشێوە و پرۆژەی تریش لە بەشەکانی تری ئەم کوردستانە خۆشەویستەمان ئینشائەڵلا جێبەجێ بکرێن.
جارێکی تر دەستخۆش، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان و هەر سەرکەوتووبن. کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.

