zagros news agency

بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لێداونی جیاواز دەدەن

جێبەجێکردنی “مافی هیوا” بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، داواکارییەکی سەرەکیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بووە.
بە گوێرەی هەواڵی مێدیای تورکیا، لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئۆجەلان بانگەوازی چەکدانان بکات، پێویستە سوود لە “مافی هیوا” وەربگرێت و ئازاد بکرێت. ئەم گوتانەی باخچەلی وەک دەستپێکێک بۆ پڕۆسەیەکی نوێ لێکدرایەوە و دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا پەکەکە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
بەڵام یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، “مافی هیوا” لە ڕۆژەڤی ئەواندا نییە و لەم بارەیەوە هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ دەم پارتیش نەکردووە. وەزیری داد گوتیشی، ئازادکردنی ئۆجەلان لە ڕۆژەڤدا نییە.
ئەم گوتانەی وەزیری داد کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، ڕایگەیاند، لەم کاتە هەستیارەدا ئەم جۆرە زمانە “ژەهراوی”یە و پڕۆسەکە دەخاتە مەترسییەوە. ناوبراو داوای لە وەزیری داد کرد ئەرکەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری بەکاربهێنێت.
هاوکات، مەهمەت مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی، گوتەکانی وەزیری دادی بە “زیاتر لە هەڵە” و “بێواتاکردنی گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی” وەسف کرد.
سەڕەڕای ئەم هەڵوێستە بەرانبەر بە ئازادکردنی ڕێبەری زیندانی‌کراوی پەکەکە، وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ باشترکردنی مەرجەکانی ناوبراو و هەروەها پرسی نەخۆشە زیندانیکراوەکان و چاکسازی لە کەمکردنەوەی ماوەی سزاکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای دەستوور، هەنگاوی پێویست دەنێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

رێژەی زۆرترین باران بارین راگەیندرا

یاسین

سەرۆکی حکوومەت بەردی بناخەی جووتسایدی هەولێر-کۆیە دادەنێت

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له‌ ڕافع ئه‌لعيساوى كرد

یاسین