مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سووریا، یەکخستنی سەرجەم یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتەکەی ڕاگەیاند و داواشی کرد ئەو یەکانەی کە ماون، لە ماوەی 10 ڕۆژدا بچنە ناو وەزارەتەکەوە.
ئەبو قەسرە لە پلاتفۆرمی “ئێکس” ڕایگەیاند، بۆ خەڵکی سووریا، ڕاستەوخۆ دوای ڕزگارکردنی سووریا، دەستمان کرد بە کارکردن بۆ یەکخستنی یەکە سەربازییەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەیی. ئەمڕۆش هەواڵی یەکخستنی سەرجەم یەکەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری سووریا بە گەلەکەمان ڕادەگەیەنین.
وەزیری بەرگری سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم دەستکەوتە گەورەیە بەبێ هەوڵی هەموو لایەک نەدەکرا، بەم بۆنەیەوە تەنیا دەتوانین سوپاس و پیزانینمان ئاراستەی فەرماندە و سەربازانی یەکە سەربازییەکان بکەین بۆ هاوکارییەکانیان و پابەندبوونیان، بە داننان بە گرنگی ئەم قۆناغە.”
ئەو وەزیرە جەختی کردەوە، “پێویستە ئەو یەکە سەربازییە بچوکانەی کە ماونەتەوە، لە ماوەی 10 ڕۆژدا بچنە ناو وەزارەتەوە، بەمەبەستی تەواوکردنی هەوڵەکانی یەکگرتن و ڕێکخستن”.
ئەبو قەسرە گوتیشی: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە هەر دواکەوتنێک لەم ڕووەوە پێویستی بە ڕێکاری گونجاو دەبێت بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.

