دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، سەرکردەیەکی ڕەوتی نیشتیمانی شیعە ڕایگەیاند، ڕووخاندنی خانووی گەڕەکە هەژار نیشینەکان لە بەسرە، هاوشێوەی ڕووخاندنی ماڵی خەڵکی غەززەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئەحمەد فەرتوسی، سەرکردە لە ڕەوتی نیشتیمانی شیعە لە پلاتفۆرمی ‘ئێکس’ نووسیویەتی: “خانووەکانی بەسرە بەسەر سەری هەژاران دەڕوخێنرێن، هەروەک چۆن لە غەززە لەلایەن داگیرکەرانەوە دەڕوخێنرێن. بەڵام لێرەدا، ئەوە دوژمنێکی داگیرکەر نییە، بەڵکو خیانەتکارێکە کە پۆشاکی نیشتمانی لەبەردایە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، بەکرێگیراوێک بە شێوەزاری عێراقی قسە دەکات و چەقۆیان لە پشت دەدات، نەفرەتی خودا لە حکوومەتێک بێت کە هەژاران بکوژێت بۆ رازیکردنی بێگانە، کە زەلیلی بۆ ئێمە هێناوە و شەرەفمان فرۆشتووە، هاووڵاتی کردۆتە خۆڵ و دزەکانی والێکردووە بپەرسترێن.”
فەرتوسی گوتیشی، “هەڵسن ئەی خەڵکی ئازاد، چونکە بێدەنگی خیانەتە، بەسرە دووجار زەلیل نابێت، جارێک بە تاڵانکردنی نەوتەکەی و جارێکیش بە ڕووخاندنی ماڵەکانی.”
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە حەسەن شەداد فارس، دانی بەوەدانا کە زێدەڕۆیی کردن قبوڵکراو نین، بەڵام جەختی لەسەر پێویستی دۆزینەوەی بژاردەیەکی دیکە کردەوە پیش ئەوەی خانووەکان بڕوخێندرێن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە کۆبووەتەوە، کە لە بەرانبەردا بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرە و شارەوانییەکانی ئاگادار کردووەتەوە، بۆ ئامادەکردنی پارچە زەوییەک، کە بەسەر زێدەڕۆکاران دابەش بکرێت، کە ڕووبەرەکەی 200 مەتر بۆ هەر هاووڵاتییەک.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە جەختی لە گرنگی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاو پێش دابەشکردنی ئەو زەویانە کردەوە. ڕاشیگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە زێدەڕۆکاران، کێشەکەی گەورەتر کردووە، بەتایبەتی لە قەزای زوبێر کە زۆرترین ڕێژەی خانووی زێدەڕۆی تێدایە.

