لە وێستگەی سەرەکی شاری هامبۆرگی باکووری ئەڵمانیا، ئافرەتێک بە چەقۆیەکەوە هێرش دەکاتە سەر خەڵک و 18 کەس بریندار دەکات.
میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردەوە، ئافارەتێکی ئاڵمانی تەمەن 39 ساڵ، بەچەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتیان، لە ئەنجامدا 18 کەس برینداربوونە، لەوانە چوار کەسیان ژیانیان لە مەترسیدایە، هەروەها دوای هێرشەکە هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هێرشکارەکەیان دەستگیر کردووە.
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاوی کردۆتەوە کە ئەو ئافرەتەی هێرشی کردۆتە سەر خەڵک لای پۆلیس ناسراو بووە و نەخۆشی دەروونی هەیە و لە نەخۆشخانەی دەروونی چارەسەری بەردەوام وەردەگرێت.
پۆلیسی شارەکە ڕایگەیاند، ئەو ئافرەتە بە تەنیا تاوانەکەی کردووە و پاڵنەری پشت هێرشەکەی نادیارە.
هێرشکردنە سەر خەڵک بە چەقۆ لە ئەڵمانیا زیادیکردووە، هەفتەی ڕابردووش کەسێک لە شاری بیلفێلد بە چەقۆو هێرشی کردە سەر گروپێکی گەنجان و پێنج کەسی بریندارکرد.

