عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، تا ئێستا کاتی دەستپێکردنەوەی گەڕی نوێی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دیاری نەکراوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو پرسە یەکلایی ببێتەوە، ئەگەرنا “باسی دیکە دێتە ئاراوە.”
ناوبراو هاوکات هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی وڵاتانی ئەورووپایی کرد و داوای لێکردن بیر لەوە نەکەنەوە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بگەیەننە ئاستی سفر، جەختیشی کردەوە ئێران لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم “گاڵتەی لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە.”
عێراقچی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: “لە وەڵامی ئەو بەرپرسە بەریتانیاییەی باسی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ئاستی سفر کردبوو، من بەڕوونی وەڵامم دایەوە؛ ئێمە لەم ماوەیەدا لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپاییەکە (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) درێژەمان بە گفتوگۆکانمان داوە، بەڵام ئەگەر هەڵوێستیان سفرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت، ئیتر هیچ گفتوگۆیەکمان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵیان نامێنێت و دەبێت بیرێک بۆ خۆیان بکەنەوە. ئێمە سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم گاڵتەمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە.”
شایەنی باسە، دانوستانەکانی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان، بەتایبەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی، بەتایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨، چەندین جار ڕووبەڕووی وەستان و ئاڵۆزی بووەتەوە.
هەواڵی پێشوو

