ئیلۆن ماسک، ملیاردێر و خاوهن كۆمپانیاى تێسلا و تۆڕى كۆمهڵایهتی (ئێكس)، ئەمڕۆ (پێنجشهممه 29ى ئایارى 2025) ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بەجێهێشتووە.
ماسک بۆ ماوەی چەند مانگێک سەرکردایەتی وەزارەتێکی کرد بە ناوی “دهستهى کارایی حکوومەت” کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەرجییەکان بوو لە ئیدارەی ئەمریکا.
لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا سوپاسی ترەمپی کرد.
ههروهها، نووسیویەتی: “لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی دیاریکراوی من وەک کارمەندێکی تایبەتی حکوومەت، دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ترەمپ بکەم بۆ ئەو دەرفەتهی پێیبهخشیم بۆ بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەرکی دهستهى کارایی حکوومەت بە تێپەڕبوونی کات بەهێزتر دەبێت و دەبێتە شێوازێکی ژیان لە تهواوى دامهزراوهكانى حکوومەتدا”.
ئەو ملیاردێره ئهمریكییه كه لەدایکبووی ئەفریقای باشووره ڕایگەیاندووه، پڕۆژە یاسایەک کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێشکەش کراوە و لە کۆنگرێسدا پەسەند دەکرێت، دەبێتە هۆی زیادکردنی کورتهێنانی حکوومەتی فیدراڵی و تێکدانی کارەکانی دهستهى کارایی حکوومەت کە دەیان هەزار کارمەندی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
پڕۆژە یاساکە کە ماسک ڕەخنەی لێدەگرێت، هەفتەی ڕابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەندکرا و ئێستا دەچێتە ئەنجومەنی پیران. تێیدا بهشێوهیهكی بهرفراوان لێخۆشبوون له باج و كهمكردنهوهى خهرجییهكان لهخۆ دهگرێت.
بەڵام ڕەخنەگران هۆشداری دەدەن لەوەی کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و زیادکردنی کورتهێنانی نیشتمانی تا 4 تریلیۆن دۆلار لە ماوەی دە ساڵدا.
کۆشکی سپی هەوڵیدا هەر ناکۆکییەکی نێوان سەرۆکی کۆمارییەکان و خاوەنی تێسلا لەسەر خەرجییەکانی حکوومەت کەم بکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ناوی ماسک بهێنێت.

