تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥، لە هەنگاوێکی هێماییدا، ماڵی باڵیۆزی ئەمریکای لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کردەوە
ئەم هەنگاوە وەک نیشانەیەک بۆ باشتربوونی وردەوردەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق هەژمار دەکرێت. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە باڵیۆزخانەی ئەمریکا هێشتا بە فەرمی دەستی بە کارەکانی نەکردووەتەوە و کاتی ناساندن و ناردنی باڵیۆزی نوێش دیار نییە.
ڕێوڕەسمی کردنەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆماس باراک بەڕێوەچوو. ماڵی باڵیۆزی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە داخرابوو. هەڵکردنی ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان لە حەوشەی ئەم ماڵە، وەک نیشانەیەک بۆ خواستی هەردوو وڵات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لێکدەدرێتەوە.
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دیمەشق، لە ساڵی ٢٠١١ و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان لە سووریا، کارەکانی خۆی هەڵپەساردبوو. بەڵام لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، کەمتر لە دوو هەفتە دوای ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، شاندێکی دیپلۆماسیی ئەمریکایی سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەبو محەممەد جۆلانی دیداری ئەنجامدا، جۆلانی دواتر بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی، ئەحمەد شەرع، وەک سەرۆک کۆماری نوێی سووریا ناسێندرا.
دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا خێرایی زیاتریان بەخۆوە گرت. واشنتن سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندەوە و نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ لە میانی سەردانیدا بۆ ڕیاز لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد. هەروەها، تۆماس باراک پێنج ڕۆژ پێش ئێستا، لە ڕێکەوتی سێی جۆزەردان، لە ئەستەنبووڵ چاوی بە سەرۆک کۆماری سووریا کەوتبوو.
جێی باسە تۆماس باراک هاوکات پۆستی باڵیۆزی ئەمریکای لە تورکیایش پێیە. دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئەرکی باراک لە سووریا گوتوویەتی: «تام بەباشی لە توانستە شاراوەکانی هاوکاری لەگەڵ سووریا بۆ کۆنترۆڵکردنی توندڕەوی، باشترکردنی پەیوەندییەکان و دابینکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادارە.»
ڕۆبێرت فۆرد، دوایین باڵیۆزی ئەمریکا لە دیمەشق، ساڵی ٢٠١١ دوای سەردانی بۆ شاری حەما، یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتی دژی ڕژێمی ئەوکات، لەلایەن حکومەتی سووریاوە دەرکرا. فۆرد ئەم دواییانە لە لێدوانێکدا، ئەحمەد شەرعی وەک «باشترین ئامرازی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی داعش» وەسف کردووە.

