سەرچاوەیەکی دادوەری، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە دادگای کەتنی نەجەف سزای زیندانیکردنی بەسەر چالاکوانێکدا سەپاندووە بەهۆی سوکایەتیکردنی بە موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر و بنەماڵەکەی.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی وت: “سزاکە بەسەر چالاکوان “ڕەنا عەبدولحەلیم سمێدعی”دا سەپێنراوە بە چوار مانگ زیندانیکردن، بەپێی حوکمەکانی ماددەی ٣٧٢ی یاسای سزادانی عێراقی، بەهۆی سوکایەتیکردنی بە بنەماڵەی سەدر.”
شایەنی باسە، چالاکوان و میدیاکار و ئەندامی یەکێتیی نووسەران و ئەدیبانی نەجەف، ڕەنا سمێدعی، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری نەجەف ڕفێندرا، بەڵام دوای یەک ڕۆژ لە ڕفاندنەکەی ئازادکرا.
سمێدعی بە هەڵوێستە دژبەرەکانی بەرامبەر بە سیاسەتی موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر ناسرابوو، و لە ڕێگەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک” ڕەخنەی توندی ئاراستە کردبوو.
ماددەی ٣٧٢ی یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت: “سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت یان بە غەرامەیەک کە لە ٣٠٠ دینار زیاتر نەبێت، هەرکەسێک بە یەکێک لە شێوازە ئاشکراکان دەستدرێژی بکاتە سەر بیروباوەڕێکی یەکێک لە تایفە ئایینییەکان، یان سووکایەتی بە دروشمەکانی بکات، و هەرکەسێک بە ئەنقەست ببێتە هۆی تێکدانی بەڕێوەچوونی دروشمەکانی تایفەیەک، یان بە ئەنقەست ڕێگرییان لێبکات یان پەک بخات، و هەرکەسێک بینایەکی ئامادەکراو بۆ بەڕێوەبردنی دروشمە ئایینییەکانی تایفەیەک، یان هێمایەک کە پیرۆزییەکی ئایینی هەبێت، تێکبدات یان زیانی پێبگەیەنێت یان پیسی بکات.”

