zagros news agency

هێرش کرایە سەر کۆگایەکی بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە غەزە و چوار کەس گیانیان لەدەست دا

لە ئەنجامی هێرشی دانیشتووانی برسیی کەرتی غەزە بۆ سەر کۆگایەکی بەرنامەی جیهانیی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەلانیکەمەوە چوار کەس گیانیان لەدەست دا. ئەم ڕووداوە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی ئایار، هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لەم کەرتە گەمارۆدراوەدا ڕوویدا.
سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی ئەقسا لە شاری دێرەلبەلەح ڕایانگەیاند، دوو کەس لە ئەنجامی قەرەباڵغی و ژێرپێکەوتندا گیانیان لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەش بەهۆی تەقاندنی گوللـەوە کوژراون. هاوکات، ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئاماژەی بە برینداربوونی چەندین ژن و منداڵ کرد لەکاتی ڕووداوی تەقەکردنەکاندا.
بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP) هێرشکردنە سەر کۆگاکەی خۆی لە نێوەڕاستی غەزە پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ڕووداوەکە دوو کوژراو و ژمارەیەکی زۆر برینداری لێکەوتووەتەوە. ئەم دەزگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) باسی لە هجومبردنی “کۆمەڵێک خەڵکی برسی” کردووە، لە هەوڵیاندا بۆ دەستخستنی ئەو ماددە خۆراکییانەی هێشتا دابەش نەکرابوون.
شایەتحاڵان باس لە دروستبوونی پشێوییەکی توند دەکەن، بەتایبەت لەبەردەم دەروازەی سەرەکیی کۆگاکەدا و گوتوویانە، هەندێک کەس هەوڵیان داوە بە تێکشکاندنی دیوارە کانزاییەکان بچنە ناو کۆگاکەوە.
شایانی گوتنە، ئەم ڕووداوانە لەکاتێکدان کە گەمارۆی چەند مانگەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و ڕێگریکردن لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆیی و سەرەتاییەکان بە ڕادەیەکی پێویست، دانیشتووانی غەزەیی تووشی دۆخێکی سەختی مرۆیی و نائومێدییەکی قووڵ کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شای ئوردن دۆخی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

یاسین

مالپەری Archive هاک کراوە تەواوی زانیاریەکان دزەی پێکراوە

سەڵاح

لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا ٤٥ کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کاتیی سووریا کوژراون

یاسین